ئەمەریکا.. لەڕووداوێکی تەقەکردندا ژمارەیەک ئەفسەری پۆلیس کوژران و بریندار بوون

K24 - هەولێر
لە کارۆلاینای باکوور لە ڕووداوی شەڕە تەقەیەکدا چوار ئەفسەری پۆلیسی ئەمەریکی کوژران و ژمارەیەکی دیکەش دیکەش بریندار بوون.
پۆلیسی ویلایەتی کارۆلینای باکوور پشتڕاستیکردەوە، لە ڕووداوی شەڕە تەقەیەکدا چوار ئەفسەری پۆلیسی ئەمەریکی کوژران و چواریدیکەش بریندار بوون. دواتر تۆمەتبارەکە لەلایەن تیمێکی ئەفسەرەکانەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە.
شەڕەکە سێ کاتژمێریی خایاند، تا ئەو کاتەی پیاوەکە بە چەکەوە ئەو ماڵەی بەجێهێشت کە تێیدا بووە، بۆیە ئەفسەرەکان لە حەوشەی پێشەوەی ماڵەکە تەقەیان لێکرد و کوشتیان، دواتر لەلایەن پۆلیسەوە ناسنامەکەی ناسێندرا، کە ناوی "تێری کلارک هیوز جونیۆر" تەمەن 39 ساڵە.
تەقەکەرەکە تاوانبارێکی داواکراو بووە و چەکی بە شێوەیەکی نایاسایی هەڵگرتووە. لە ماڵەکەدا ژنێک و پیاوێکی تەمەن 17 ساڵ دۆزرایەوە و ئێستا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
ڕووداوی تەقەکردن لە ئەمەریکا زۆر ڕوودەدات، بە پاڵنەری جۆراوجۆر و پرسی بڵاوبوونەوەی چەک لەناو هاووڵاتیاندا بە یەکێک لە پرسە مشتومڕاوییەکان دادەنرێت.
لە 25ی حوزەیرانی 2022، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕەشنووسی یاسایەکی واژۆکرد کە لەلایەن یاسادانەرانی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەوە ئامادەکرابوو، کە دەبێت کۆنتڕۆڵی هەڵگرتنی چەک لە ئەمەریکا بکرێت.