کۆمیسیۆنی عێراق سەرجەم کارەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگرت

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

K24 - هەولێر

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کارەکانی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگرت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 01-05-2024، سەرچاوەیەکی باڵا لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆمیسیۆنەکە تەواوی کارەکانی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕاگرت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ ناکرێت، چەند مانگێک دوا دەخرێت و هەفتەی داهاتوو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان دەکات.

پێشتر نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، پێشبینی دەکرێت هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ مانگی ئۆکتۆبەر (10)ـی ئەمساڵ دوا بخرێت.

ڕاگرتنی کارەکانی کۆمیسیۆنی عێراق لە کاتێکدایە، ڕۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، "بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداریی هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".

ئەو هەڵوێستەی پارتی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق هات لە ڕۆژی (21ـی شوباتی 2024) کە دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.

لە کاردانەوەی ئەو بڕیارانەش، سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەردوو پێکهاتەی کریستیان و تورکمان (جگە لە بەرەی تورکمانی)، بڕیاریان دا بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن.