نەتەوە یەکگرتووەکان: گرووپە چەکدارەکان هۆی ناسەقامگیریی عێراقن

شاری بەغدا
شاری بەغدا

K24 – هەولێر

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، گرووپە چەکدارەکان، وەک یەکێک لە هۆکانی ناسەقامگیری و ترس دەردەکەون، هەروەها حزبە کوردییەکان و سوننەکان متمانەیەکی کەمیان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت هەیە، هەروەها بەدوای گەرەنتییەکی دەرەکیدا دەگەڕێن.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمەڵێک تێبینی لەسەر عێراق هەیە و پێی وایە هێشتا هەڕەشە لەسەر عێراق هەیە، لە نێویاندا ئەو ئاڵنگارییانەی دەبێتە هۆی لاوازی دامەزراوەکان و باس لە کێشەی گروپە چەکدارەکان دەکات و دەڵێت: بڵاوبوونەوەی گرووپە چەکدارەکان، وەک یەکێک لە هۆکانی ناسەقامگیری و ترس دەردەکەون، لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش یان تیرۆرێکی دیکە.

گۆتێرێس، ئاماژەی بە کێشە و ململانێی دەسەڵات کرد کە زۆربەیان لەلایەن هێزە شیعەکانەوە کۆنترۆڵ کراون، ئەمەش دەبێتە هۆی تووڕەیی لایەنی کورد و سوننەکان و دەڵێت: "حزبە کوردییەکان و سوننەکان متمانەیەکی کەمیان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت هەیە، هەروەها بەدوای گەرەنتییەکی دەرەکیدا دەگەڕێن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و چاویان لە نەتەوە یەکگرتووەکانە وەک لایەنێکی گەرەنتیکار".

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیشی کردەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستە رێگایەک بدۆزێتەوە بۆ بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی تەکنیکی سەبارەت بە هەڵبژاردن و مافەکانی مرۆڤ، ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمە زۆر گرنگە، جگە لە ڕاوێژکردن بۆ چارەکردنی ململانێ نیشتمانییەکان و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان".

سەرچاوە، ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت