زانا مەلا خالید: بەبێ بەشداریی پارتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکرێت
K24 – هەولێر:
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، رایدەگەیەنێت، بە هیچ شێوەیەک پارتی ئیرادەی سەپێندراو بەسەر گەلی کوردستاندا قبوڵ ناکات، هەروەها پارتی ئەو ئەزموونەی کە قوربانی لەپێناو داوە ڕادەستی نەیارانی ناکات. ناوبراو لەبارەی هەڵبژاردنەوە دەڵێت: بەبێ بەشداریی پارتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکرێت
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە بهرنامهی كارڤهدانی ڕادیۆ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی كوردستان24، کە گوڵباخ بەهرامی پێشکەشی دەکات ڕایگهیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئێستا و لە ئایینەدا ئامادەیی کردنی هەڵبژاردنی هەبووە، بەڵام پارتی ئامادە نییە ئیرادەیەکی دەرەکی بەسەریدا بسەپێندرێت، پارتی دەسەڵاتی لەلایەن گەلەوە وەرگرتووە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، راشیگەیاند، بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام نادرێت. لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە، ئاماژە بەوەدا، پارتی کێشەی لە دیاریکردنی وادە نییە، بەڵام دەبێت سەرنج و تێبینییەکانی لەبەرچاو بگیرێت، هەروەها بەلای پارتییەوە ژمارەی کورسیی گرنگ نییە.
ناوبراو دەڵێت: هەندێک لایەن لە هەرێمی کوردستان هەن کە دەیانەوێت هەمیشە هاوکاربن بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، لە ڕابردووشدا هەنگاوی دیکەیان نابوو بەو ئاراستەیە، ئەو لایەنانە دەیانەوێت دەست بۆ هەموو پیرۆزییەکانی گەلی کوردستان ببەن، بابەتی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو شانازییانە بۆیە دەیانەوێت دەست بۆ ئەزموونەش ببەن و لەناوی ببەن.
زانا مەلا خالید، باسی لەوەکرد، ئەوانەی دەیانەوێت هەڵبژاردن بەو شێوازە دیزاینکراوە دەرەکییە بەڕێوەبچێت لەگەڵ درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بوون، بەڵام ئەوە پارتی بوو کە لەگەڵ ئەوەبوو هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، ئەو لایەنەن دەیانزانی پارتی هەمیشە زۆرینەی کورسیی هەڵبژاردنەکان بەدەست دەهێنێت بۆیە هەوڵیان دا لە دەرەوەی یاسا و پڕۆسەی دیموکراسی بڕیارێکی سەپێندراو دیزاین بکەن بۆ دەستکاریی شێوازی حوکمڕانیی لە هەرێمی کوردستان.
جەختی لەوەش کردەوە، بە هیچ شێوەیەک ئیرادەی سەپێندراو بەسەر گەلی کوردستاندا قبوڵ ناکەین، پارتی ئەو ئەزموونەی کە قوربانی لەپێناو داوە ڕادەستی نەیارانی ناکات، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، پارتی هەمیشە پاباندی ئەو ڕێککەوتنانەیە کە لەگەل لایەنەکاندا کردوویەتی.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی ئاشکرا کرد، بەشێک لە لایەنەکان لەگەڵ ئەوەدا نەبوون هەڵبژاردن بەسەر چوار بازنەدا دابەش بکرێت، ئەوان دەیانویست کورسییەکان بەسەر سێ بازنە دابەش بکرێت و لەو نێوەندەدا هەڵەبجەی شەهیدیان پەراوێز خستبوو و وەک پارێزگا هەژماریان نەکردبوو، بەڵام ئەوە پارتی بوو پێداگریی کرد لەسەر ئەوەی کە هەڵەبجە وەک بازنەیەکی هەڵبژاردن دەست نیشان بکرێت.
لەبارەی ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، زانا مەلا خالید، گوتی: ئێستا لە ڕابردوو زۆر باشتر لێکتێگەیشتنی سیاسی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە، سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا زۆر ئەرێنی بوو و گفتوگۆی زۆر ئەرێنیش کراوە، هەولێر و بەغدا پێیان ناوەتە قۆناغێکی نوێی دانوستان.