ڕاپۆرتێک: تورکیا لە مانگی نیساندا 16 هەزار سووری دیپۆرت کردووەتەوە

K24 - هەولێر

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، تورکیا ئەو سووریانە دیپۆرت دەکاتەوە کە مەرجەکانی نیشتەجێبوون پێشێل دەکەن، جگە لە ڕاگرتنی پێدانی ڕەگەزنامە و توندکردنەوەی مەرجەکانی نوێکردنەوەی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ئەوانەی مۆڵەتی ئیقامەی گەشتیارییان هەیە.

ڕاپۆرتەکان بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئیدارییەکان لە چوار دەروازەی سنووریی نێوان تورکیا و باکووری سووریا "باب ئەلهەوا، باب ئەلسەلامە، جەرابلوس و گرێ سپی" ڕایانگەیاندووە، تەنیا لە مانگی نیساندا نزیکەی 16 هەزار سووری دیپۆرت کراونەتەوە.

بەرپرسێکی دەروازەی سنووریی باب ئەلهەوا، لە باکووری ئیدلب، گوتی: ژمارەی دیپۆرتکراوەکانی دەروازەکە بۆ ناوچەکانی ئیدلب لە ماوەی مانگی نیسانی ڕابردوودا نزیکەی حەوت هەزار و 500 کەس بووە کە ژن و منداڵیشیان تێدایە.

هەروەها بەرپرسێکی دەروازەی باب ئەلسەلامە لە باکووری حەلەب ڕایگەیاند، نزیکەی چوار هەزار و 500 هاووڵاتی سووری لە دەروازەکەوە هاتوونەتەوە سووریا، لە دەروازەی گرێ سپیش تەنیا لە مانگی نیساندا هەزار و 800 کەس لە خاکی تورکیاوە ڕەوانەی سووریا کراونەتەوە.

 بەرپرسێکی دەروازەی جەرابڵوس لە باکووری حەلەب ڕایگەیاند، بەرپرسانی تورکیا زیاتر لە دوو هەزار سوورییان دیپۆرت کردووەتەوە، دوای ئەوەی ناچارکراون بەڵگەنامەیەک واژۆ بکەن کە تێیدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەوان بە ئارەزووی خۆیان گەڕانەوەیان هەڵبژاردووە.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ باسی لەوەکردووە، بەرپرسانی تورکیا 50 پەنابەری سوورییان بە شێوەیەکی نامرۆڤانە، دەرکردووە بەرەو خاکی سووریا، کە زۆربەیان هەڵگری کارتی پاراستنی کاتی "کیملک" بوون.

ڕوانگەکە لە ڕاپۆرتێکدا کە لە سەرەتای مانگی ئاداردا بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 417 پەنابەری سووری لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە بە زۆرەملێ دیپۆرت کراون.

هەروەها هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتێکدا کە لە 28ـی ئاداردا بڵاوکرایەوە، ئاشکرایکردووە، تورکیا لە ساڵی 2017ەوە، سوورییەکان ناچار دەکات "فۆڕمی گەڕانەوەی خۆبەخشانە" و پەڕینەوە بۆ سووریا پڕبکەنەوە، هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی لە ساڵی 2023دا، بە زۆر دیپۆرتکراونەتەوە گەیشتووەتە 57 هەزار و 519 کەس ، کە دوو هێندە زیاترە لە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ساڵی 2022دا دیپۆرتکراونەتەوە.