مۆنۆدرامای "سەلمە" خەڵاتی دەستەی دادوەرانی لە فێستیڤاڵی قرتاجی تونس بەدەست هێنا
K24 - هەولێر
گروپی شانۆیی هەوار لە کەرکووک، بە شانۆگەری "سەلمە" لەشەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی قرتاج لە تونس بەشدار بوون، هەروەها خەڵاتی باشترین دەستەی دادوەرانی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی قرتاجیان لە تونس بۆ مۆنۆدراما بەدەست هێنا.
نەژاد نەجم، دەرهێنەری ئەو مۆنۆدرامایە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، گرووپی شانۆیی هەوار بەردەوامە لە بەدەست هێنانی خەڵات و سەرکەوتن، ئەمجارە لە فێستیڤاڵی قرتاج لە تونس، توانیمان خەڵاتی باشترین دەستەی دادوەری بەدەست بهێنین. پیرۆزبایی لەخۆم و تەواوی ستافی شانۆی سەلمە دەکەم.
نەژاد گوتیشی: مۆنۆدراماکە لە 15 وڵاتی جیهاندا نمایش کراوە، کارێکی هاوبەشی نێوان کوردستان و فەرەنسایە و ناوەڕۆکی بەرهەمەکەش باس لە کارەساتی هەڵەبجە و جینۆساید و کارەساتی ئەنفال و کۆچی بە کۆمەڵی کورد دەکات، بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی کارمان لەسەر کردووە.
شانۆگەری "سەلمە" بەرهەمی گرووپی شانۆیی هەوارە، لە نووسینی دڵشاد موستەفایە و دەرهێنانی نەژاد نەجمە.