یادگار مەحموود: تاوەکوو ئێستا هەموارکردنەوەی یاسای بودجە نەهاتووەتە پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر

ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەلەمانی عێراق ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا بابەتی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە نەهاتووەتە پەرلەمانی عێراق. ئەگەر بێتە پەرلەمانیش ڕەنگە هەموارکردنەوەکە کاتی زیاتری بوێت.

یادگار مەحموود، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا بابەتی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە نەهاتووەتە پەرلەمانی عێراق.

گوتیشی: ئێستا درەنگە بۆ هەمووارکردنەوەی یاسای بودجە، هەروەها لە وڵاتێکی دامەزراوەییدا بۆ ئەوەی دووچاری قەیرانی دارایی نەبیتەوە، دەبێت بزانیت داهات و خەرجیت چەندە، هاروەها پێویستە حیسابی کۆتاییت هەبێت. تاوەکو سیاسەت و بەرنامەی ئابووری بۆ داهاتوو دەستنیشان بکەیت.

یادگار مەحموود، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر بێتە پەرلەمانیش ڕەنگە کاتی زیاتری بوێت، تاوەکو دەنگی لەسەر ئەدرێت، چونکە هۆی سیاسیی لایەنێکی دواکەوتنی بابەتەکەیە، هەروەها پەسەندکردنی هەموارکردنەکەش لەلایەن پەرلەمانەوە لایەنێکی دیکەی بابەتەکەیە.

ئەو پەرلەمانتارە کوردەی بەغدا باسی لەوەکرد، لەساڵی 2023 لایەنە کوردییەکانی بەغدا هاوڕا نەبوون لەسەر بابەتی پشکی هەرێم، ئەوەش کاریگەری نەرێنی هەبوو، بەتایبەت فراکسیۆنی یەکیتی، کە چەند دێڕێکی بۆ چەند ماددەیەک زیاد کرد، کە گوایە لە هەندێک حاڵەتدا پارێزگاکان بە جیاواز پارەدار بکرێن، نەک لە ئاستی هەرێمی کوردستاندا، یان ئەگەر کێشە دروست بوو لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوە وەزارەتی دارایی فیدراڵ یان سەرۆکوەزیرانی عێراق ببێتە ناوبژیوان.