وەزارەتی پەروەردە بڕیارێک لە بەرژەوەندیی قوتابییانی تووشبووی شێرپەنجە دەردەکات

وەزارەتی پەروەردە
وەزارەتی پەروەردە

K24 – هەولێر:

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەر قوتابییەک لە هەر قۆناغێکی خوێندن بێت ئەگەر تووشبووی شێرپەنجە بێت و لە نەخۆشخانە چارە وەربگرێت، پێویستە ئاسانکاری تەواوی بۆ بکرێت لەکاتی تاقیکردنەوەکان بە نیشتمانی و وەزاریشەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (2ـی ئایاری 2024) وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە نووسراوێکیدا کە بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایتیی پەروەردەکانی هەرێمی کوردستان گشتاندوویەتی، ڕایگەیاندووە، هەر قوتابییەک لە هەر پۆل و قۆناغێکی خوێندندا تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووبێت و لە نەخۆشخانە چارە بکرێت ، پێویستە لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا "بە تاقیکردنەوەی نیشتمانی و وەزاریشەوە" ئاسانکاری بۆ بکرێت.

وەزارەتی پەروەردە ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر قوتابی تووشبووی شێرپەنجە ئامادەیی تێدا بوو تاقیکردنەوە بکات، پێویستە لەلایەن لێژنەیەک کە بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزا دیاری دەکات پرسیارەکانی بۆ بنێردرێت بۆ نەخۆشخانە، بەڵام لەو بارەیەوە هەماهەنگی پێشوەختە بکرێت لەگەڵ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە.

لە نووسراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، هەر قوتابییەکی تووشبووی نەخۆشییەکە، ئاستی نەخۆشییەکەی بەجۆرێک پەرەی سەندبوو یان تووشبووی نوێ بوو و نمرەی وەرزی یەکەمی تاقیکردنەوەکانی هەبوو، لە هەمانکاتدا توانای کردنی تاقیکردنەوەی نەبێت نمرەکانی وەرزی یەکەمی بۆ هەژمار دەکرێت ئەگەر لە بەرژەوەندی قوتابییەکە بوو، یان لە خولی دووەم لە سەر 100 نمرە تاقیکردنەوەکان بکات.

ە
Fly Erbil Advertisment