لە بەرازیل 70 هەزار کەس بەهۆی لافاوەوە ئاوارە بوون

لافاوەکەی بەڕازیل
لافاوەکەی بەڕازیل

K24 - هەولێر

دەسەڵاتدارانی هەرێمی ڕیۆ گراندی لە باشووری بەرازیل بڵاویان کردەوە، بەهۆی ئەو لافاوەی چەند ڕۆژێکە ناوچەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە 55 کەس مردوون و 70 هەزار کەسیش ئاوارە بوون.

دەسەڵاتدارانی ڕیۆ گراندی باسیان لەوەش کردەوە، جگە لە مردنی ئەو 55 کەسە، نزیکەی 80 کەسی دیکەش بەهۆی لافاوەکە بزرن، زۆرینەی ئەو کەسانەشی ئاوارەبوون ڕوویان لە ئەرجەنیتن و ئۆرۆگوای کردووە.

هاوکات، ئیدواردۆ لێچی، حاکمی هەرێمەکە ئاماژەی بەوە دا، 300 شار و شارۆچکە بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە، ڕووداوەکەشی وەک گەورەترین کارەسات لەمێژووی ڕیۆ گراندی وەسف کرد.

تیمەکانی ڕزگارکردنی دانیشتووان لە شارەکانی باشووری بەرازیل بەردەوامن و لەگەڕان بۆ دۆزینەوەی ئەوکەسانەی لەناو داروپەردووی ماڵ و پرد و ڕێگا ڕووخاوەکاندا گیریان خواردووە.

سەرجەم ناوچەکانی نیشتەجێبوون ژێرئاو کەوتوون، هاوکات ڕێگاوبانەکان وێران بوون و پردەکانیش بەهۆی لافاوەکەوە تێکچوون، زیانەکانی مرۆیی و ماددی زۆرن و بە تایبەتی لە ناوچەی ناوەڕاستی وڵاتەکە.