ڕۆژانە 75 گەشت لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەکرێت

K24- هەولێر
بەرێوەبەری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاشکرای دەکات، رۆژانە 75 گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دەکرێت و چاوەڕێ دەکرێت بە زیادبوونی هێڵە ئاسمانییەکان، ژمارەی گەشتەکان بۆ 105 گەشتی ڕۆژانە لە فڕۆکەخانەکە زیاد بکات.
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بە کوردستان24 ی ڕاگەیاند، ئامادەکاری تەواویان بۆ وەرزی گەشتکردن کردووە، چاوەڕێ دەکەن چەند کۆمپانیایەکی نوێی فڕۆکەوانی گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەست پێ بکەن، چاوەڕێ دەکەن ژمارەی گەشتیار و هێلە ئاسمانییەکان سەدا 23.6 زیاد بکات.
ڕۆژانە 75 گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتیی هەولێرلە ڕێگەی 19 هێلی ئاسمانی دەکرێت. بڕیاریشە سێ هێلی دیکە فڕۆکەوانی گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەست پێ بکەن، بەو شێوەیە ژمارەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەرز دەبێتەوە بۆ 105 گەشتی ڕۆژانە.
بەپێی ئاماری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، ساڵی 2023، دوو ملیۆن و 68 هەزار گەشتیار لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گەشتیان کردووە، جگە لەوە 83 هەزار گەشتیارەی تەمەنیان لەخوار 18 ساڵییەوە بووە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتی هەولێر- دیاربەکر، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، چاوەڕێی تورکیش ئێرلاین و ئەنادۆل و جێت دەکەن، بۆ کارگۆش، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر یەکەمی سەر ئاستی عێراقە، کارگۆی هەموو عێراق لە هەولێرەوە دابەش دەکرێت.
بەرێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاشکرای دەکات، کارکردن لە کارگۆی نوێی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە نزیکە سەدا 80 تەواو بووە، قەبارەی مانگانەی کارگۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دوو هەزار تۆنە، بە تەواوبوونی کارگۆ نوێیەکە، قەبارەی مانگانەی کارگۆ لەو فڕۆکەخانەیە دەگاتە چوار هەزار تۆن.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە ساڵی 2005 ەوە کراوەتەوە، یەکێکە لە پڕ جوڵەترین فڕۆکەخانەکانی ناوچەکە، فڕگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە چوار هەزار و 800 مەتر، هەشتەمین دریژترین فڕگەیە لە جیهان.