بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی دیداری خوێندنی باڵای ئوردنی - کوردستانی دەستی پێ کرد
K24 - هەولێر
بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دیداری خوێندنی باڵای ئوردنی – کوردستانی دەستی پێ کرد.
لە دیدارەکە 75 زانکۆ و دام و دەزگاکانی زانستی بەشداری دەکەن. ئامانجی دیدارەکە هەماهەنگی پەرەپێدانی توانای زانستی و ئەکادیمییە لەنێوان زانکۆکانی کوردستان و زانکۆکانی شانشینی ئوردنی.
دیدارەکە لە ژێر دروشمی "وێناکردنی ئایندە لە ڕێگەی پەرەپێدانی بەردەوام" و بە بەشدارىی 75 زانکۆ و دام و دەزگاکانی زانستی شانشینی هاشمی ئوردن و هەرێمى کوردستان دەکرێت. ئامانج لێی، برەودانە بە هەماهەنگى و پەرەپێدانى ئەکادیمی و زانستى لە نێوان زانکۆکانى هەردولادا.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، "پێشخستن و پەرەپێدانی خوێندن و ناوەند و دامهزراوه ئەکادیمییەکانمان، یەکێکە لە کارە لە پێشیەکانمان کە دەمانەوێ زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئێمە، له ئاستی پێشکەوتنە خێراکانی ئەم سەردەمەدا بن و ببنه یارمهتیدهری پرۆسهی گهشهپێدانی ژێرخانی ئابووریمان".
مەسرور بارزانی گوتی، "ڕاستە لە ساڵانی ڕابروودا، ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی جۆراوجۆر بووینەوە و بەسەر زۆریشیاندا زاڵ بووین، بەڵام چەند کێشە و قەیرانەکانیشمان هەبێت، هەرگیز ساردمان ناکەنەوە لەوەی بایەخ و گرنگییەکی تەواو، بە پێشخستن و بەرەوپێشبردنی خوێندن و زانکۆکانمان بدەین. پێویستە زانکۆکانمان، هاوکار و یارمەتیدەرمان بن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە و گرفت و قەیرانەکان کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە و لە ڕێگەی پلان و نەخشەڕێگەیەکی زانستییانەوە ، هاریکاريی حکومەت بکەن بۆ ئەوەی درێژە بە بەرنامەی چاکسازیی هەمەلایەنەی خۆی بدات".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە چاوەڕوانییەکی زۆرمان لە زانکۆکان هەیە بۆ ئەوەی ڕۆڵی کاریگەر و کارای خۆیان نەک تەنیا وەک مەڵبەندێکی زانستی فێرکاری و پێگەیاندنی نەوەکانمان بگێڕن، بەڵکوو دامەزراوەیەکی زیندووی ڕۆشنگەریی و بزوێنەری نوێخوازی و داهێنانيش بن".
مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە، "هەمیشە خوازیاری ئەوەین کە ئارامی و سەقامگیریی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیهان بەگشتی هەبێت. لەم چوارچێوەیەشدا، هەمیشە هەرێمی کوردستان هەوڵیداوە و کاری کردووە بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی ئەرێنی هەبێت لە دابينكردن وپاراستنی سەقامگیریدا ، چونکە تەنیا لە دۆخێکی سەقامگیردا، دەتوانین کار لە سەر پێشخستنی کۆمەڵگەکەمان لە هەموو بوارەکاندا بکەین بۆ ئەوەی بگەینە ئاستی وڵات و کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان، کە ئێمە لە ڕووی سامانی مرۆیی و ماددییەوە، هیچمان لەو کۆمەڵگەیانە کەمتر نییە و تەنیا بارودۆخێکی ئارام و سەقامگیر و بەڕێوەبردنێکی ژیر و زانستی و داهێنەرانەمان پێویستە بۆ ئەوەی لە ئاست پێشکەوتنەکانی سەردەمدا بین".