کۆریای باکوور هۆشداری دەداتە ئەمەریکا

کیم سۆنگ، باڵیۆزی کۆریای باکوور لە نەتەوە یەکگرتووەکان
کیم سۆنگ، باڵیۆزی کۆریای باکوور لە نەتەوە یەکگرتووەکان

K24 - هەولێر

کۆریای باکوور ڕەخنەی لە ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە گرت کە هەوڵی دۆزینەوەی جێگرەوە بۆ لێژنەی چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە سزاکانی سەر پیۆنگ یانگ دەدات و هۆشداریشی دایە ئەو وڵاتانە لە "شکست ئەگەر بەردەوام بن لە سەر ئەو دوژمنکاریانەیان".

ئەمڕۆ یەکشەممە، کیم سۆنگ، باڵیۆزی کۆریای باکوور لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانی بڵاوکردەوە و تیایدا ئیدانەی "ئەمەریکا، کۆریای باشوور، ژاپۆن و 47 وڵاتی دیکەی کرد،  بەهۆی بانگەوازە هاوبەشەکەیان بۆ بەردەوامبوون لە چاودێریی جێبەجێکردنی سزاکانی سەر کۆریای باکوور".

لیژنەی پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەرپرسی شیکارییە، لە مانگی ڕابردوودا هەڵوەشایەوە دوای ئەوەی ڕووسیا ڤیتۆی خۆی لە دژی نوێبوونەوەی ئەو لێژنەیە بەکارهێنا.

سۆنگ گوتیشی: کۆتایی هاتنی لێژنەی چاودێری بڕیارێکە کە لەلایەن ڕێکخراوێکی نایاسایی دەرچووە کە پیلانگێری دەچێنێت، دەشڵێت: لێژنەی پسپۆڕی ئامرازێکە بۆ ئەمەریکا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوایی بۆ نەهێشتنی مافی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری.

ئەو باڵیۆزەی کۆریای باکوور لە نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کرد، "ڕەنگە لە داهاتوودا هێزە ڕکابەرەکان لێژنەی پسپۆڕی دووەم و سێیەم پێک بهێنن، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات هەموویان ڕووبەڕووی خۆ لەناوبردن دەبنەوە".

هۆشداریشی دا لەوەی ئەگەر "ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەردەوام بن لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی بەسەرچوو و دوژمنکارانەیان بەرامبەر کۆریای باکوور، ئەوا ڕووبەڕووی شکستێکی ستراتیجی دەبنەوە".

لیندا تۆماس گرینفیڵد باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەردانەکەیدا بۆ کۆریای باشوور لە مانگی نیساندا ڕایگەیاندبوو، ئەمەریکا لەگەڵ کۆریای باشوور کار دەکات بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ میکانیزمێکی نوێی چاودێریی سزاکان، تەنانەت لە دەرەوەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بێت".

لە کۆتایی مانگی ئاداردا، ڕووسیا ڤیتۆی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە دژی ڕەشنووسی بڕیارنامەکەی ئەمەریکا بەکارهێنا، بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ساڵێکی ئەرکی لێژنەی پسپۆڕان سەبارەت بە کۆریای باکوور و بەم شێوەیەش ئەرکی کۆمیتەکە لە 30ـی نیسان کۆتایی هات.