ئەمریكا و كۆریا باشوور مانۆرێكی سەربازی ئەنجام دەدەن و كۆریای باكووریش ھەڕەشە دەكات
سەرۆكی كۆریای باشوور: جیابوونەوەی كەسایەتە سیاسییەكان لە كۆریای باكوور، نیشانەی داخورانی سیستەمی ئەو وڵاتەیە لە ھەناوی خۆیدا
جارێكی دیكە ئەمریكا و كۆریای باشوور دەستیان بە مەشق و راھێنان و مانۆری سەربازیی ساڵانەی خۆیان كردەوە، وەكو ھەر جارێكی دیكەش، مانۆرەكە كۆریای باكووری نیگەران كردووە و بیۆنگ یانگ ھەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەكات.
لە مەشق و مانۆرە سەربازییەی ئەمساڵدا، 25 ھەزار سەربازی ئەمریكی بەشداریان كردووە كە تاكو 2ی مانگی ئەیلوولی داھاتوو بەردەوام دەبێت.
لای خۆیەوە فەرماندەیی سەربازیی لیژنەی ھێوركردنەوەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، كە ئەمریكا سەركردایەتی دەكات بە كۆریای باكووری راگەیاندووە، كە مەشق و مانۆرەكان ئیستیفزازی نین. لە بەرامبەردا، كۆریای باكوور مانۆرەكان بە ئامادەكاریی بۆ داگیركاری دادەنێ. بۆیە ھەر لە كاتژمێرەكانی سەرەتای مەشق و مانۆرەكاندا ھۆشداری لێدانێكی خۆپارێزی لە ھێزە بەشداربووەكانی مانۆرەكە كرد.
ھەڕەشەی تۆڵەكردنەوەی ئەمجارەی كۆریای باكوور زیاتر بە ھۆی جیابوونەوەی دیپلۆماتكارێكی وڵاتەكەی دێت، كە خۆی و خێزانەكەی پەنایان وەبەر كۆریای باشوور بردووە. ئەمەش پەیوەندیی نێوان ئەم دوو وڵاتەی ئاڵۆزتر كردووە.
ھەفتەی رابردوو كۆریای باشوور رایگەیاند، تای یۆنگ، جێگری باڵیۆزی كۆریای باكوور لە لەندەن، لە وڵاتەكەی جیابووەتەوە و بە خۆی و ئەندامانی خێزانەكەی گەیشتنە كۆریای باشوور.
لەم بارەیەوە، باك جۆن ھای، سەرۆكی كۆریای باشوور ئاماژەی بەوە كرد، جیابوونەوەی كەسایەتیی سیاسی و دیپلۆماسی و پلەباڵا لەو وڵاتە، نیشانەی داخورانی سیستەمی كۆریای باكوورە لە ھەناوی خۆیدا، ھەروەك لێدانێكی كاریگەریشە لە خودی كین جۆنگ ئون، سەرۆكی ئەو وڵاتە.