ئومێد خۆشناو: ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کۆنترۆڵ کرا
K24 – هەولێر:
پارێزگاری هەولێر کۆنترۆڵ کردنی ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێری ڕاگەیاند.
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای کەوتنەوەی ڕووداوی ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر، دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد، چەند بریندارێک هەیە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەڵام خۆشبەختانە کەس نەمردووە.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لەسەر هێڵ بووە و نیگەرانی خۆی نیشان داوە لە دووبارەبوونەوەی حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕەکانی شاری هەولێر و بڕیاریش درا لە بەدواداچوونیان بۆ بکرێت و ڕێگریی لەو دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوانە بەردەوام بن.
هاوکات پارێزگاری هەولێر باسی لەوەش کرد، هۆکاری تەشەنەسەندنی ئاگرەکە بەهۆی کەمتەرخەمیی کاسبکارانە کە دوکانەکانیان داناخەن و پەردە بەسەر کەلوپەلەکانیاندا دەدەن، بۆیە لەسەر ڕێکارەکان بەردەوام دەبین بۆ ڕێکخستنی دوکانەکان.
لەبارەی قەبارەی زیانەکان، ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەکرد، لێكۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکە دەکرێت و قەبارەی زیانە ماددییەکانیش دەخەمڵێندرێت و دواتر ئاشکرا دەکرێت.
کاتژمێر (9:30)ـی شەوی (5ـی ئایاری 2024) ئاگرێک لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر، پۆلیس، ئاسایش، تیمەکانی تەندروستی، زێڕەڤانی و شارەوانی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئاگرەکە.