تاکە ئافرەتی دیپلۆماتکاری ئەفغانستان، بە قاچاخچێتی زێڕ تۆمەتبار دەکرێت

K24 - هەولێر

دیپلۆماتکارێکی ئەفغانستانی کە پێش هاتنەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات لە ساڵی 2021، لە هیندستان دامەزراوە و دەڵێت تاکە ئافرەتی دیپلۆماتکاری ئەفغانستانە، پاش ئەوەی بە تۆمەتی بە قاچاخبردنی زێڕ دەستبەسەر کرا، دەستی لەکار کێشایەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەسۆشێتد پرێس، زەکیە وەرداک، کونسوڵی گشتیی ئەفغانستان لە مۆمبای، لە پلاتفۆرمی "ئێکس" دەست لە کار کێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو لە میدیاکانی هیندستان باس لەوە کرا زەکیە، بۆ ماوەیەکی کورت لەناو فڕۆکەخانەی شارەکەدا ڕاگیراوە، بە تۆمەتی تێوەگلانی لە بە قاچاخبردنی 25 پارچە زێڕ کە کێشی هەریەکەیان یەک کیلۆگرامە.

بەپێی هەواڵی مێدیاکانی هیندستان، بەهۆی پارێزبەندیی دیپلۆماسی، دەسەڵاتداران نەیانتوانیووە وەرداک دەستگیر بکەن.

وەرداک گوتی: "زۆر بەداخەوە وەک تاکە ئافرەتی دیپلۆماتکاری ئەفغانستان، لەبری پشتیوانیی کردنم، ڕووبەڕووی شەپۆلی هێرشی ڕێکخراوەکان بوومەوەتەوە کە ئامانجیان لەناوبردنی منە".

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی چەندین هێرشی کەسی و هەڵمەتی بوختان بوومەتەوە، نەک تەنها دژی من، بەڵکو دژی ئەندامانی خێزانە نزیکەکانم و کەسوکارەکانم.

وەرداک ڕاشیگەیاند، "ئەم هێرشانە زۆر کاریگەرییان لەسەر توانای کارکردنم هەبووە، هەروەها ڕادەی ئەو ئاڵنگارییانەی ئاشکرا کرد، کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە لەناو کۆمەڵگەی ئەفغانستاندا".

بڕیاری دانانی وەرداک وەک کونسوڵی گشتی ئەفغانستان لە مۆمبای، لە سەردەمی حکوومەتی پێشوودا دەرچووە و یەکەم دیپلۆماتکاری ئەفغانستان بووە کە هاوکاریی تاڵیبان بکات، بەرپرسانی هیندستان ڕایانگەیاند، لە ماوەیەکی زۆردا ئەمە یەکەمجارە دیپلۆماتکارێکی باڵای بیانی لە شاری مۆمبای بە  قاچاخچێتیی تۆمەتبار بکرێت.