عێراقچی: لەگەڵ ئەمریکا لە دانوستانداین

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی مەرجەکانی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و بەردەوامیی دانوستانەکان خستووەتە روو، هاوکات هۆشداری دەداتە ئەمریکا کە لە ئەگەری هەر پەلامارێکی سەربازیدا، وەڵامێکی زۆر توندتر لە رابردوویان دەدرێتەوە.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمیی "ئیرنا" تیشکی خستە سەر پرۆسەی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتن و پرسە هەرێمییەکان.

سەبارەت بە دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ واشنتن لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، راوێژەکان لە رێگەی قەتەر و پاکستانەوە زۆر بە چڕی بەردەوامن و بە دەیان پەیوەندیی تەلەفۆنی و نامە گۆڕدراونەتەوە.

عێراقچی گوتی "ئێمە وەک چۆن بۆ بەرگری لە خۆمان لە ئامادەباشیی تەواوداین، بە هەمان شێوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسییانەی دادپەروەرانەش ئامادەین، هەموو شتێک بەندە بە لایەنی ئەمریکییەوە کە ئایا عەقڵانییەتی سیاسی بەکاردەهێنن یان وەک جارەکانی پێشوو پەنا بۆ هێرشی سەربازی دەبەن."

هاوکات هۆشداری دا "ئێمە مەرجەکانی خۆمان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بە روونی دیاریکردووە، ئەگەر مەرجەکانمان قبووڵ بکرێن، گەرووی هورمز دەکرێتەوە و دانوستانەکان دەستپێدەکەنەوە، ئەگەریش رەتی بکەنەوە، دۆخەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە.

ئەگەر بیانەوێت جارێکی دیکە تاقیمان بکەنەوە، ئەوا وەڵامێکی زۆر تاڵتر و قورستر لە جارەکانی پێشوو وەردەگرن."

عێراقچی جەختی لەوە کردەوە کە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لە کارە لەپێشینە و نەگۆڕەکانی سیاسەتی دەرەوەی تارانە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی بۆ تورکمانستان بەدواداچوونی مەیدانی بووە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە هاوبەشە گەورەکان لە بوارەکانی وزە، ترانزێت و ئابووریدا. راشیگەیاند کە لەگەڵ سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی تورکمانستان، جگە لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و ئامادەیی تەواوی هێزە چەکدارەکانی ئێرانیان کردووە.

 جێگری سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بۆ پەکین، عێراقچی روونیکردەوە ئەم سەردانە بەشێکە لە هەماهەنگی و راوێژە ستراتیژی و بەردەوامە ئەمنییەکانی تاران لەگەڵ هاوبەشە سەرەکییەکانی.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە دیدارەکانی شاندی ئێران لە پەکین تاوتوێی پرسە گەورەکانی ناوچەکە، دۆسییە ئەمنییەکان و پرسەکانی پەیوەست بە ئاشتی و سەقامگیری کراوە.