یەكێتی ئەوروپا ھۆشداری دەداتە توركیا
K24 - ھەولێر
سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ھۆشداری دایە تورکیا سەبارەت بە هەموارکردنی یاسای نەهێشتنی تیرۆر لەو وڵاتە و گوتی: "هەتا تورکیا ئەو هەنگاوە نەنێ یەکێتی ئەوروپا ئامادە نییە رێگە بە هاوڵاتییانی تورکیا بدات بەبێ ڤیزا گەشت بۆ یەکێتییەکە ئەنجامبدەن".
ژان کلۆد یانکەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا، وەڵامی بەرپرسانی تورکیا دەداتەوە و رایدەگەیەنێت کە ھەرچەندە یەکێتی ئەوروپا و تورکیا رێککەوتنیان لەنێواندایە لەبارەی چارەسەرکردنی قەیرانی پەنابەران، بەڵام کێشەی پەنابەران جیاوازە لە مەسەلەی لابردنی ڤیزای ئەوروپا بۆ تورکەکان و ئەوەش پابەندە بەوەی کە ئەو ھەنگاوە پێویستی بە جێبەجێکردنی 72 مەرجە لەلایەن تورکیاوە کە ھەتا ئێستا تورکیا زۆریانی جێبەجێ نەکردووە.
ھەروەھا سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ئەوەشی ئاشکرا کرد کە یەکێک لەو ھەنگاوانەی کە پێویستە تورکیا بە زووترین کات ئەنجامی بدات ھەموارکردنەوەی یاسایی تیرۆریەتی کە پێچەوانەی بەھا مرۆییەکانی یەکێتی ئەوروپایە.