سەرۆکی چین: وڵاتەکەی بەشێک نییە لەقەیرانی ڕووسیا و ئۆکرانیا

K24 - هەولێر
شی چینگ پینگ، سەرۆکی چین ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەشێک نییە لەقەیرانی ڕووسیا و ئۆکرانیا، بەڵکو هەمیشە پشتیوانی گفتوگۆ بۆ دۆزینەوەی چارەسەر دەکات.
سەرۆکی چین گوتی، "پشتیوانی هەرجۆرە هەوڵێک دەکەن کە ڕووسیا و ئۆکرانیا پێکەوە بەشداریی تێدابکەن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ".
سەرۆکی چین ڕاشیگەیاند، هەمیشە پێگەی چین لە شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا ڕوون بووە، "ئێمە نە دروستکەر و نە بەشێکین لەو قەیرانە، بەڵام لەلاوە ناوەستین و سەیری ئاگرەکە بکەین، ڕۆڵی ئەرێنیمان هەبووە بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی".
هەروەها گوتیشی: "مێژووی خۆی دووبارەدەکاتەوە، ململانێکان تەنها لەڕێگەی دانوستانەوە دەکرێت چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە".
شی چینگ پینگ دەشڵێت: "ئێمە داوا لە هەموو ئەو لایەنانەی لەم قەیرانە تێوەگلاون دەکەین، دانیشن و دەست بە دانوستان بکەن، تا بتوانن متمانەی دوولایەنە دروستبکەن".
ئەو ئەوەی خستە ڕوو، پشتیوانی هەر هەوڵێکیش دەکەین کە ڕووسیا و ئۆکرانیا پێکەوە بەشداریی تێدابکەن.
ڕۆژی یەکشەممە، 5ـی ئایاری 2024، شی جی پینگ، سەرۆکی چین لە دوای یەکەم سەردانی فەرمیدا بۆ ئەورووپا لە ساڵی 2019، جارێکی دیکە بە سەردانێکی فەرمیی گەیشتە پاریس. لەلایەن گابرێل ئاتال سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێ کرا.