کوردستان24 ناوەڕۆکی ئەو پرۆژەیەی ئاگربەست کە حەماس لە سەری ڕازی بووە، بڵاو دەکاتەوە
K24 – هەولێر
کوردستان24 ناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتنەی ئاگربەست بڵاو دەکاتەوە کە حەماس بۆ ئاگربەستی شەڕ لە غەززە پێی ڕازی بووە و بە فەرمی هەر یەک لە قەتەر و میسری ئاگادارکردووەتەوە بۆ جێبەجێکردنی قۆناغەکانی ڕێککەوتنەکە، بە گوێرەی بەڵگەنامەکان، ئاگربەستەکە سێ قۆناغە و هەر قۆناغێکی 42 ڕۆژ دەخایەنێت، بنەمای سەرەکی ئاگربەستەکەش ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە، زیندانیان و دیلەکان و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە خۆ دەگرێت.
بە گوێرەی ئەو بەڵگەنامەیەی بڵاوکراوەتەوە، "ئامانجێکی ڕێککەوتنەکە ئازادکردنی هەموو بارمتە ڕفیدراوەکانی ئیسرائیلە لە خەڵکی مەدەنی و سەرباز کە لە کەرتی غەززەدان، جا زیندوو بن یان مردوو، لە بەرانبەردا ئیسرائیل زیندانیانی فەڵەستنی ئازاد دەکات بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە.
هەروەها دەبێت ئاگربەستی هەمیشەیی جێبەجێ بکرێت و ئارامیی و سەقامگیری بگەڕێندرێتەوە ناوچەکە، هاوکات سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بکشێتەوە و گەمارۆکانی سەر کەرتەکەش هەڵبگیرێت و دەست بکرێت بە بنیادنانەوە و ئاوەدانکردنەوەی غەززە.
ڕێککەوتنەکە لە سێ قۆناغ پێکهاتووە و بەیەکەوە بەستراونەتەوە:
قۆناغی یەکەم 42 ڕۆژ دەخایەنێت
- ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بە شێوەیەکی کاتی لەلایەن هەردوولا، لەگەڵ کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵات و دوورکەوتنەوەی لەو ناوچانەکانی دانیشتوانی چڕ بە درێژایی سنوورکانی کەرتی غەززە.
- ڕاگرتنی سوڕانەوەی فڕۆکە سەربازیی و چاودێرییەکانی سوپای ئیسرائیل لە ئاسمانی غەززە لە هەر ڕۆژێکدا بۆ 10 کاتژمێر، دوای ئازادکردنی زیندانی و ڕفێندراوەکان ماوەکە بۆ 12 کاتژمێر درێژ دەکرێتەوە.
- گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانییان و لە بەرانبەردا کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە دۆڵی غەززە (میحوەری نەتزاریم و فلکەی کوەیت).
- لە ڕۆژی سێیەم و دوای ئازادکردنی سێ لە بارمتەکان، سوپای ئیسرائیل بە تەواوی لە ڕۆژهەڵاتەوە لە شەقامی ڕەشید بۆ شەقامی سەلاحەدین دەکشێتەوە و هەموو ناوچە سەربازییەکانی چۆڵ دەکات، لە بەرانبەردا ئاوارەکان بەبێ هەڵگرتنی چەک بۆیان هەیە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و بە ئازادیی و بەبێ ڕێگری هاموشۆ بکەن لە سەرتاسەری ناوچەکانی کەرتی غەززە، هەروەها بەبێ هیچ ڕێگرییەک دەبێت لە ڕۆژی یەکەمەوە لە ڕێگەی شەقامی ڕەشید هاوکارییە مرۆییەکان بگەیەندرێتە غەززە.
- لە ڕۆژی 22یەمین ڕێککەوتنی ئاگربەست (دوای ئازادکردنی نیوەی زیندانییە مەدەنییە زیندووەکان کە سەربازە ئافرەتەکانیش دەگرێتەوە)، سوپای ئیسرائیل لە ناوەندی کەرتی غەززە دەکشێتەوە (بە تایبەتی لە میحوەری نەتزاریم تاوەکوو فلکەی کوەیت) لە ڕۆژهەڵاتی شەقامی سەلاحەدین بۆ ناوچەیەکی نزیک سنوور، هاوکات تەواوی بنکە و مۆڵگە سەربازییەکانیشی لادەبات، لە بەرانبەردا ڕێگە بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ تەواوی ناوچەکانی کەرتی غەززە دەدرێت.
- لە یەکەم ڕۆژەوە ڕێگە لەبەردەم چوونی هاوکارییە مرۆییەکان و سووتەمەنی دەکرێتەوە کە ڕۆژانە 600 بارهەڵگر کەلوپەلەکان دەگەیەنن، لە نێویاندا 50 تانکەر سووتەمەنی و 300 بارهەڵگریش هاوکاری بۆ باکووری غەززە دەبەن. ئەو سووتەمەنییەشی دەگات بۆ کار پێکردنی وێستگەی کارەبا، بەکارخستنەوەی نەخۆشخانەکان، نانەواخانەکان و لابردنی پاشماوەکان بەکار دەهێنرێت، ئەو پرۆسەیەش بە درێژایی بەرقەراربوونی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت.
ئاڵوگۆڕکردنی دەستگیرکراوان و زیندانییەکان
- لە قۆناغی یەکەمدا، حەماس 33 زیندانی ئیسرائیلی ئازاد دەکات جا بە زیندوویی بێت یان ڕادەستکردنەوەی ڕوفاتەکانیان بێت، لە نێویاندا ئافرەتان مەدەنی و سەرباز، منداڵان خوار 19 ساڵ، بەساڵاچووانی سەروو 50ساڵ و کەسانی نەخۆش دەگرێتەوە، لە بەرانبەر ئیسرائیل ژمارەیەک زیندانی فەڵەستنی ئازاد دەکات، بەمشێوەیە:
- حەماس هەموو دەستگیرکراوە ئیسرائیلییەکان ئازاد دەکات، لەوانە کچان و کوڕانی خوار 19 ساڵ، بەرانبەر ئازادکردنی هەر ئیسرائیلییەک، 30 منداڵ و ئافرەتی فەڵەستینی ئازاد دەکرێن بە گوێرەی ئەو لیستانەی حەماس پێشکەشیان دەکات.
- حەماس هەموو زیندانییە بەساڵاچووەکانی ئیسرائیل ئازاد دەکات کە تەمەنیان لە سەرووی 50 ساڵە لەگەڵ ئەوانەی نەخۆش و بریندارن، لە بەرانبەر ئازادکردنی هەر زیندانییەکی ئیسرائیلی، 30 زیندانی فەڵەستنی تەمەن سەرووی 50 ساڵ ئازاد دەکرێن، ئەمەش بە گوێرەی ئەو لیستانەی حەماس پێشکەشیان دەکات.
- حەماس هەموو سەربازە ئافرەتەکانی ئیسرائیلی ئازاد دەکات کە زیندوون، لە بەرانبەر ئازادکردنی هەر سەربازێکی ئافرەت ئیسرائیل 50 زیندانی فەڵەستنی ئازاد دەکات لە نێویاندا 30 زیندانی سزادراوی تاهەتایی و 20 زیندانی سزادراوی دیکە دەبن لەسەر بنەمای ئەو لیستانەی حەماس پێشکەشیان دەکات.
خشتەی ئاڵوگۆڕی زیندانیان و دیلەکان لە نێوان حەماس و ئیسرائیل لە قۆناغی یەکەم بەمجۆرەیە:
- لە سێیەمین ڕۆژی ڕێککەوتنەکەدا حەماس سێ زیندانی ئیسرائیلی ئازاد دەکات، دوای ئەوە حەماس هەر هەفتەیەک سێ ئافرەتی ئیسرائیلی ئازاد دەکات کە ئافرتانی مەدەنیی و سەرباز لەخۆ دەگرێت، لە هەفتەی شەشەمدا حەماس هەموو ئەو دەستگیرکراوە مەدەنییانە ئازاد دەکات کە قۆناغی یەکەمی جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکە دەیان گرێتەوە، لە بەرانبەردا ئیسرائیل ئەو ژمارە زیندانییانە ئازاد دەکات کە ڕێککەوتنی لە سەر کراوە و لەلایەن حەماسەوە ناوەکانیان بە لیست پێشکەش دەکرێت.
لە ڕۆژی حەوتەمدا حەماس زانیاری لەسەر ژمارەی دەستگیرکراوە ئیسرائیلییەکان دەدات کە بڕیارە لە قۆناغی دواتر ئازاد بکرێن.
- لە ڕۆژی 22یەمیندا ئیسرائیل هەموو زیندانییەکانی ڕێککەوتنی شالیت ئازاد دەکات کە دەستگیرکردوونەتەوە.
- لە هەفتەی پێنجەمی ڕێککەوتنەکە ئەگەر ئەو زیندانییە ئیسرائیلییانەی ئازاد دەکرێن ژمارەیەیان نەگاتە 33 کەسی زیندوو، ئەوا بۆ ئە قۆناغە بە ڕادەستکردنەوەی ڕوفاتەکان ژمارەکە تەواو دەکرێ، لە بەرانبەردا ئیسرائیل هەموو ئەو کچ و منداڵانەی فەڵەستینی ئازاد دەکات کە تەمەنیان لە خوار 19 ساڵە و لە دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە لە کەرتی غەززە دەستگیرکراون.
- پرۆسەی ئاڵوگۆڕی زیندانی و دیلەکان پەیوەستە بە پابەندبوون بە مەرج و بنەکانی ڕێککەوتنەکە، لەوانە ڕاگرتنی کردە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەلایەن هەردوولا، کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل، گەڕانەوەی ئاوارەکان و ڕێگەدان بە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان.
- تەواوکردنی ڕێکارە یاساییە بۆ ئەوەی زیندانییە ئازادکراوەکانی فەڵەستینی جارێکی دیکە بە هەمان تۆمەتی پێشوو دەستگیر نەکرێنەوە.
- جێبەجێ کردنی خاڵەکانی ناوەڕۆکی قۆناغی یەکەم، دەروازەیەکە بۆ گفتوگۆکردن لە سەر جێبەجێ کردنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە.
- هەڵگرتنی سزاکانی سەر زیندانیانی فەڵەستینی لە گرتووخانەکان و سەربازگەکانی ئیسرائیل کە لە دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە لە دژیان گیراوەتەبەر، هەروەها بارودۆخی زیندانییەکان باش بکرێت لەگەڵ ئەوانەشی لە دوای ئەو بەروارە دەستگیرکراون.
- پێش 16هەمین ڕۆژی قۆناغی یەکەم، دەبێت دانووستانە ناڕاستەوخۆکانی ئیسرائیل و حەماس لەسەر وردەکارییەکانی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە دەست پێ بکات بە مەبەستی ئازادکردن و ئاڵوگۆڕی زیندانیان و دیلەکانی ماون، بۆ ئەوەی دەرفەت هەبێت تا بەر لە کۆتایی هاتنی هەفتەی پێنجەمی قۆناغەکە بگەنە ڕێککەوتن.
- ڕێگە بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسەکانی بدرێت لە نێویاندا ئۆنروا بۆ ئەوەی لە تەواوی کەرتی غەززە لە چالاکییەکانی پێشکەش کردنی هاوکارییە مرۆییەکان بەردەوام بن بە درێژایی تەواوی قۆناغەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست.
- لە تەواوی غەززە دەست بە نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی کەرتەکانی، کارەبا، ئاوی پاک، نەخۆشخانەکان، هێڵەکانی پەیوەندیی و ڕێگاوبانەکان بکرێت، هەروەها بە درێژایی قۆناغەکانی ڕێککەوتنەکە دەبێت ڕێگە بە چوونە ژوورەوەی کەلوپەلەکانی پاککردنەوە و ڕاماڵینی شوێنە وێران کراوەکان بدرێت.
- ئاسانکاری بکرێت لەبەردەم گەیاندنی کەلوپەل و پێداویستییەکانی تایبەت بە داڵدەدانی ئەو ئاوارانەی ماڵەکانیان وێرانکراوە و هیچ شوێنێکیان نییە بۆ حەوانەوە، بۆ ئەمەش پێویستیان بە 60 هەزار یەکەی کاتی نیشتەجێ بوون و کەرەڤانە هەیە لەگەڵ 200 هەزار خێمە.
- لەگەڵ یەکەم ڕۆژی جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکە کەمتر لە 50 چەکداری بریندار بۆیان هەیە لە دەروازەی ڕەفەحەوە بۆ چارەسەر سەفەری دەرەوەی کەرتەکە بکەن، جیا لەمە دەربازبوونی خەڵکی مەدەنیی و چەکداران لە دەروازەی ڕەفەح سنووردار دەبێت، بەڵام هیچ بەربەست و سنووردانانێک جووڵەی بازرگانیی و گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان ناگرێتەوە.
- پرۆسەی گشتگیری پلانی بنیادنانەوە شوێنەکانی نیشتەجێبوون، دامەزراوەکان و ژێرخانی مەدەنیی کە بەهۆی شەڕەوە وێران بوون لەگەڵ قەرەبووکردنەوەیان بە سەرپەرشتی وڵاتان و ڕێکخراوەکان دەبێت، لە نێویاندا میسر، قەتەر و نەتەوە یەکگرتووەکان هەن.
هەموو ڕێکارەکانی ئەم قۆناغە، ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هەردوولا، بەردەوامبوونی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و کشانەوەی هێزەکان لە خۆ دەگرێت، قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە بە بەردەوامبوونی سەقامگیریی دەست پێدەکات.
قۆناغی دووەم 42 ڕۆژ دەخایەنێت
- ڕاگرتنی کردە سەربازییەکان و توندتیژییەکان لە پێناو سەقامگیری بەردەوام دەبێت، هاوکات ئاڵوگۆڕی دەستگیرکراوان و زیندانییەکان لە نێوان هەردوو لایەنی ئیسرائیل و حەماس بۆ ئاڵوگۆڕکردنی پیاوانی ئیسرائیلی لە کەسانی مەدەنی و سەرباز بەرانبەر بە ئازادکردنی دەستگیرکراوە فەڵەستینییەکان بەردەوام دەبێت لەگەڵ کشانەوەی سوپای ئیسرائیل بە تەواویی و لە سەرتاسەری کەرتی غەززە.
قۆناغی سێیەم 42 ڕۆژ دەخایەنێت
- ڕوفاتی قوربانیان و کوژراوان لە نێوان ئیسرائیل و حەماس ئاڵوگۆڕ دەکرێن.
- دەست دەکرێت بە پلانی بنیادنانەوەی کەرتی غەززە لە ماوەی 3 تاوەکوو 5 ساڵ، کە دروستکردنەوەی یەکەی نیشتەجێبوون، دامەزراوە و ژێرخانی مەدەنی لەخۆ دەگرێت لەگەڵ قەرەبوو کردنەوەی تەواوی زیان پێگەیشتووان بە سەرپەرشتی وڵاتان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، میسر، قەتەر و نەتەوە یەکگرتووەکان.
- کۆتایی پێهێنانی گەمارۆی تەواوەتی لەسەر کەرتی غەززە.
لەو بەڵگەنامەیەی بڵاوکراوەتەوە هەر یەک لە قەتەر، میسر، ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان بە گەرەنتیکاری جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکە ناویان هێنراوە.