چین: نابێت لایەنەکان پەنا بۆ چەک بەرنەوە
وەزیری دەرەوەی چین لە میانی پێشوازیکردنی جێگری ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە بەیژینگ رایگەیاند، پێویستە سەرجەم لایەنەکانی ململانێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرنجیان لەسەر چارەسەری سیاسی بێت لەبری ئەوەی دووبارە پەنا بۆ چەک بەرنەوە؛ هاوکات جەختی لە پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ سەروەری و ئاسایشی ئێران کردەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی چین "شینخوا" بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2026، لە بەیژینگ، وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین لەگەڵ عەلی باقرکانی، جێگری ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کۆبووەوە و پێکەوە دوایین پێشهاتە سەربازی و سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێ کرد.
لە دیدارەکەدا وانگ یی ئاماژەی بەوە کردووە، ئاگری جەنگ لە ناوچەکەدا بەردەوامە و مەترسیی تەشەنەسەندنی هەیە و گوتی: دیالۆگ و دانوستان تاکە رێگەی دەربازبوونە لە قەیرانەکان. پێویستە هەموو لایەنەکان بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر گەلان و مێژوو هەنگاو بنێن، و بە رۆحیەتێکی عەقڵانی و پراکتیکی سەرنج بخەنە سەر چارەسەری سیاسی، نەک ئەوەی جارێکی دیکە پەنا بۆ جەنگ و چەک بەرنەوە."
وەزیری دەرەوەی چین دووپاتی کردەوە سەرەڕای ئاڵۆزییە نێودەوڵەتییەکان، پەیوەندییەکانی بەیژینگ و تاران بە جێگیری دەمێننەوە و چین بە تەواوی پاڵپشتی لە ئێران دەکات بۆ پاراستنی سەروەریی خاکی و ئاسایشی نیشتمانیی خۆی.
لای خۆیەوە، عەلی باقرکانی روانگەی ئێرانی بۆ دۆخی ناوچەکە خستەڕوو و رایگەیاند، وڵاتەکەی بە توندی بەرگری لە سەروەری و خاکی خۆی بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک دەکات، بەڵام هاوکات دەرگای دانوستانی دانەخستووە و ئامادەیە بە گفتوگۆ کار بۆ هێنانەدیی ئاشتی و سەقامگیری بکات. باقری ستایشی رۆڵی هاوسەنگ و دەستپێشخەرییەکانی بەیژینگی کرد بۆ هێورکردنەوەی قەیرانەکان و هیوای خواست چین رۆڵێکی کاریگەرتر لە ئاشتیی نێودەوڵەتیدا بگێڕێت.
ئەم هەڵوێستە هاوکاتە لەگەڵ دیدارێکی دیکەی شی جینپینگ، سەرۆکی چین لەگەڵ سوڵتان هەیسەم بن تاریق، سوڵتانی عومان لە بەیژینگ، کە تێیدا سەرۆکی چین جەختی کردەوە: "نابێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی کەنداو ببنە گۆڕەپانی کێبڕکێ و بەریەککەوتنی زلهێزە جیهانییەکان."
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشیشدا، سەڵتەنەتی عومان پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکانی چین بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕی.
وەک بەشێک لە چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانیشی، حکوومەتی چین رایگەیاند کە لەم مانگەدا نێردەی تایبەتی وڵاتەکەی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەشتێکی فەرمی بۆ وڵاتانی ئێران، عومان و سعوودیە ئەنجام دەدات بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی ئاگربەست و رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی جەنگ.