هەرێمی کوردستان لە ڕووی دیپلۆماسییەوە، وەک پێگەیەکی گرنگ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت
K24 - هەولێر
ماوەی دوومانگە ترافیکێکی چڕوپڕی دیپلۆماسی لەلایەن سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەڕێوەدەچێت، کە هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی بەشێکی گرنگ لەم ترافیکە و لەسەرئاستی ناوەندە گرنگ و خاوەن بڕیارەکان پێشوازییان لێدەکرێت.
سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم بۆ ئەمەریکا، سەردانی سەرۆکی هەرێم بۆ تاران و هاتنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ هەولێر، هەموو ئەمانە دەرخەری ئەوەن هەرێمی کوردستان دابڕاو نییە لە رووداوەکان و لە دۆخە جیاوازەکاندا خاوەنی قسەی خۆیەتی، وڵاتانی ناوچەیی و جیهانیش ڕای هەرێمی کوردستان بەهەند وەردەگرن.
دوو مانگە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مانۆڕێکی چڕو پڕی دیپلۆماسی بەخۆیەوە دەبینێت، سەردانەکانیش وەک پەیامی پێشهاتی نوێی لە ناوچەکە لێکدەدرێتەوە.
سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان دابڕاونین لەو ترافیکە دیپلۆماسییە، لەناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان و ناوچەکە پێشوازییان لێکراوە و وەک خاوەن پێگە مامەڵەیەن لەگەڵدا کراوە. لەسەردانەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ واشنتن و پێشوازی لێکردنی لەلایەن کۆشکی سپی و وەزارەتی هەستیارەکانی ئەمەریکاوە بۆ سەردانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هاوتا لەگەڵ سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕابەری باڵای شۆڕشی ئێران و سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، هەمووم ئەمانە دەرخەری ئەوەن گۆڕانکاری لەسەر ئاستی سیاسی، ئەمنی و ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێگەوەن، هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەم گۆڕانکارییانە و ڕۆڵی گرنگ و قسەی خۆی دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە بڕیارە لە ماوەی داهاتووشدا ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بێتە هەولێر و پرسەکانی پەیوەست بە پەیوەندییەکانی هەرێم و تاران بخاتە سەرمێزی گفتوگۆ. یەکێک لە تەورە سەرەکییەکانی سەردانی محەمەد شیاع سوودانی ،سەرۆک وەزیرانی عێراقیش بۆ واشنتن لە ناوەڕاستی نیسانی ڕابردوو دیسان پەیوەست بوو بە هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەیە کە حکوومەتی فیدراڵی بۆی دروستدەکات.
هەروەها ئابووری، وەبەرهێنان، کاری دوولایەنە و بەرژەوەندی هاوبەش سەردانی سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان ڕووماڵکردووە لەدوو مانگی ڕابردوودا، ئەمەش پێچەوانەی سەردانە کلاسیکییەکانی سەرکردەکانی ئەم ناوچەیە کە هەردەم ئەمنیەت و ئاسایش لە پێشینەی کاریان بووە.
ئەم ترافیکە دیپلۆماسییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەخۆیەوە دەیبنێت، دەکرێت ژانی گۆڕانکاری ڕیشەیی و گرنگ بێت لەناوچەکەدا، بەڵام گۆڕانکاری ئەرێنی بەو پێیەی ئابووری گرنگی تەواوی پێکدراوە و سەرکردایەتی هەرێمی کورستانیش بەشێکی گرنگن لەم جموجوڵە.