محەممەد ئیحسان: دەنگی تاران بۆ ئێمە گرنگە
K24 - هەولێر
ئەکادیمست و سیاسەتمەدارێک دەڵێت: لە ماوەی 11 ساڵدا، پێنجەم جارە نێچیرڤان بارزانی سەردانی تاران دەکات، کۆبوونەوەکانیش دەبێتە هۆی گەشەکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.
محەممەد ئیحسان، ئەکادیمست و سیاسەتمەدار، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەماوەی 11 ساڵدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێنج جاران سەردانی تارانی کردووە، ئەمەش لە کاتێکی سەخت و هەستیاردایە.
ئەو سیاسەتمەدارە دەشڵێت: ساڵێکە پەیوەندی نێوانمان لەگەڵ ئێران خراپبووە، بۆیە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ تاران لەو ساتەدا گرنگە، چونکە ئێران وڵاتێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها سنووری هاوبەش و جوگرافیا و مێژوویەکی هاوبەشمان هەیە، گوتیشی: پەیوەندی ئابووری و ئەمن و ئاسایشمان پەیوەستە بەیەکەوە.
جەختیشیکردەوە، "ئێران ئاغا و موختاری کردە سیاسییەکانە لە عێراق، دەنگی تاران بۆ ئێمە گرنگە". ئاماژەی بەوەشکرد زۆرینەی کێشەکانی بەغدا بەرانبەر هەولێر، بە ئاراستەی ئێران بوو، هەروەها ئەو زانیارییانەی ئێران لەسەر هەولێر هەیبوو، سەرچاوەکەی بەغدا بووە.
بەگوتەی محەممەد ئیحسان، ئێمە پێوستمان بە گفتوگۆ هەبوو لەسەر ئاستی باڵا، بۆیە باشترین شت ئەوەبوو کە سەرۆکی هەرێم لەگەڵ خامنەیی و سەرۆککۆماری ئێران و سەرۆکی پەرلەمان گفتوگۆ بکات، بەمەش پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا گەشە دەکات و کاریگەریشی لەسەر هەولێر و بەغدا دەبێت.