دورەید تۆفیق: پێویستە وادەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەستنیشان بکرێت

دورەید تۆفیق، شارەزای هەڵبژاردن
دورەید تۆفیق، شارەزای هەڵبژاردن

K24 – هەولێر:

شارەزایەکی هەڵبژاردن، ڕایدەگەیەنێت، کۆمەڵێک کێشەی تەکنیکی هەیە دەبێت سەرەتا چارە بکرێت ئینجا هەڵبژاردن بکرێت. هاوکات دەڵێت: هەرێمی کوردستان ئەزموونی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەیە و هاووڵاتییانیشی خۆشەویستییان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن هەیە.

دورەید تۆفیق، شارەزای هەڵبژاردن، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 ڕایگەیاند، دادگای فیدراڵی کارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقی ڕاگرتووە، پێویست ناکات هەڵبژاردن بەخێرایی بکرێت بەڵکو پێویستە بە سەقامگیرییەکی یاسایی بکرێت.

ئەو شارەزایەی هەڵبژاردن ڕاشیگەیاند، ئەگەر هەڵبژاردن بۆ ماوەیەکی دیکە دوابخرێت باشترە چونکە هەندێک کێشەی تەکنیکی هەیە دەبێت چارە بکرێن، یەکێ لەوانە کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران، پێویستە کەشێکی زانستی و ئەرێنی هەبێت کەوا یەرمەتیدەر بێت بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی باش.

لەبارەی گەڕانەوەی کورسیی پێکهاتەکان، ناوبراو گوتی: هەرێمی کوردستان پێداگریی لەوە کردوە کە پێویستە تەواوی پێکهاتەکان بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن، دادگای فیدراڵیش ئەو دیدگایە لەبەرچاو دەگرێت بۆ ئەوەی دواجار ئەنجامێکی ئەرێنی لێ بکەوێتەوە.

دورەید تۆفیق، جەختی کردەوە، کۆمەڵێک کێشە هەیە دەبێت سەرەتا چارە بکرێن ئینجا هەڵبژاردن بکرێت، هەروەها پێویستە بەڵگە ڕاستییەکان پێشکەش بە دادگای فیدراڵی بکرێت بۆ ئەوەی پێداچوونەوەی بۆ بکات و بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدات.

هاوکات دەڵێت: پێویستە وادەیەکی دیکە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان بکرێت.

ئەو شارەزایەی هەڵبژاردن، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، هەرێمی کوردستان ئەزموونی کردنی هەڵبژاردنی هەیە و هاووڵاتییانیشی خۆشەویستییان بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن هەیە، هەروەها باوەڕیان بە پرۆسەی دیموکراسییەت هەیە ئەمانەش هەموو ئاماژەیەکی ئەرێنین.