پارێزگای دهۆک ڕێنماییەکانی ڕێکخستنەوەی بازاڕەکان کارا دەکاتەوە

بازاڕی چەلێ دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی 1ی نیسانی 2024
بازاڕی چەلێ دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی 1ی نیسانی 2024

K24 - هەولێر

بەرگری شارستانیی پارێزگای دهۆک و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگاکە لە کۆبوونەوەکەدان بۆ تاویوێ کردنی چەند ڕێکار و ڕێنمایەکی تایبەت ڕێکخستنەوەی بازاڕەکان وگرتنەبەری پاراستنی شوێنی کار بازاڕەکان، بۆ ئەوەی هیچ ڕووداوێکی دیکەی ئاگرکەوتنەوەی هاوشێوەی سووتانی بازاڕی چەلێ دووبارە نەبێتەوە.

لە بارەی کۆبوونەوە و ڕێنمایی و پرسی قەرەبووکردنەوەی پیشەکارانی بازاڕی چەلێ، بێوار عەبدولعەزیز گوتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆک بۆ کوردستان24 گوتی: کۆبوونەوەکە لە نێو بنکەی سەرەکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانیی پارێزگای دهۆک بەڕێوەدەچێت کە تەواوی فەرمانگە و دامەزراوە فەرمییەکانی پەیوەندیدار بە بازاڕو کاسبکارانی پارێزگای دهۆک بەشدارن، بۆ کاراکردنەوەی ڕێنماییەکانی خۆپارێزیی و ڕێگری کردنە لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو، بە تایبەت لە بارەی ئەو زێندەڕۆییانەی لەبەردەم دوکانەکان دەکرێتە سەر ڕێڕەوەکان.

گوتیشی: کاری لجنەی قەرەبووکردنەوەی زیانمەندبووانی بازاڕی چەلێ تەواوبووە و ڕاپۆرتی قەبارەی زیانەکان ئامادە کراوە و ڕەوانەی لایەنی پەیوەندیدارکراوە، بڕیارە لەم نزیکانە پرۆسەی دەست پێکردنی زەرەرمەندان ڕابگەنرێت.

ڕاشیگەیاند، هەر لە ئەمڕۆوە لجنەکان دەست بەکار دەبن بۆ ئەوەی لە ئێوارەو لەگەڵ داخستنی دوکانەکان ڕێگە نەدرێت چیتر کەلوپەلی بەردەم دوکانەکان بە پارچە قوماش داپۆشڕین و جێ بهێڵدرێن، چونکە هۆکارێکی فراوان بوونی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕەکان بوون.

بە گوتەی بێوار عەبدولعەزیز گوتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆک، هەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لایەنە پەیوەندیدارەکان جەخت لە سەر ڕیکخستنەوەی تۆڕی کارەبای نێو بازاڕی دهۆک دەکرێت.

1ی نیسانی 2024 بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی چەلێی سەنتەری پارێزگای دهۆک 137 بە تەواوی سووتان و 93 دوکانی دیکەش زیانیان پێگەیشت بوو.

Fly Erbil Advertisment