کۆریای باشوور: چەک هەناردەی ئۆکرانیا ناکەین
K24 - هەولێر
سەرۆکی کۆریای باشوور، وڵاتەکەی پابەندە بە سیاسەتی نەناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا. بەڵام کار بۆ ئەوە دەکەن هاوکاری مرۆیی پێشکەش بە ئۆکرانیا بکەن، ئەویش لە چوارچێوەی توانای دارایی خۆیان.
یۆن سیوک یول، سەرۆکی کۆریای باشوور ڕایگەیاند، "ڕێز لە ئازادی ئاشتی دەگرین، بەگوێرەی توانای دارایی خۆمان کار بۆ هاوکاریکردنی مرۆیی و بنیاتنانەوەی ئۆکرانیا دەکەین".
ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆریای باکوور چەک بۆ ڕووسیا هەناردە دەکات و هاوکاری دەکات، ئەوەش نایاساییە، بێگومان سیئۆل بەهاوکاری نەتەوە تەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕیکاری پێویست دەگرێتە بەر لەوبارەیەوە.
پێشتر جیۆرجی زینۆڤیڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە کۆریای باشوور ڕایگەیاندبوو: ئەگەر کۆریای باشوور خۆی لە پێشێلکردنی هێڵی سوور بپارێزێت و چەک بۆ ئۆکرانیا نەنێرێت، ئەوە مۆسکۆ و سیئۆل دەتوانن پەیوەندییە هاوبەشەکانیان دەستپێبکەنەوە.
گوتیشی: ئەگەر کۆریای باشوور هەنگاوی زیاتر بگرێتە بەر و بەربەست لە پەیوەندییە دووقؤلییکان دروستبکات، وەک سنوورداکردنی هەناردەکردن لەلایەن سیئۆلەوە، ئەوکات دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان و گەشەکردنی کارێکی قورس دەبێت.