وەزارەتی نەوت: رێکارەکانی ناردنی نەوتی سپی دەستیپێکردووە
وەزارەتی نەوتی عێراق دەستی بە رێکارەکانی ناردنی نەوتی سپی کردووە و نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی بۆ 270 بۆ 280 هەزار دینار دابەزیوە.
عێراق نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، ئەو بڕەی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، بەشی 18 لەسەدی دانیشتووان دەکات، لەبارەی کاتی گەیشتتنی نەوتەکەش، وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت؛ خەریکی رێکارەکانی ناردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتن.
سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، رێکارەکانی ناردنی 50 ملیۆن بەرمیل نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان لە کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی سەر بە وەزارەتی نەوت دەستیپێکردووە و لەگەڵ تەواوبوونی ئەر رێکارانە نەوتی سپی دەنێردرێت.
دوێنێ یەکشەممە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، وەزیری نەوت داوای کردووە رێکارەکانی ناردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان خێرا بکرێت، دواتریش وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، ئەو بڕە نەوتەی عێراق دەینێرێت ئەگەر هەر خێزانێک 200 لیتر نەوتی پێبدرێت، ئەوا بەشی 18 لەسەدی دانیشتووان دەکات. ئەو نەوتەی عێراق بە نرخی پاڵپشتیکراو و لیتری بە 250 دینار دەدرێتە هاووڵاتییان.
لای خۆیەوە باسم محەممەد خوزەیر، وەزیری نەوتی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا فەرمانی بە کۆمپانیای دابەشکردنی نەوت کردووە، تاوەکو پەلە بکەن لە گرتنەبەری رێکارە پێویستەکان بۆ ئامادەکردن و ناردنی پشکی نەوتی هەرێمی کوردستان.
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و دابەزینی پلەکانی گەرما، خواست لەسەر نەوتی سپی بۆ مەبەستی گەرمکردنەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە رێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکاندا.
لە ساڵانی رابردوودا بەردەوام کێشە لە ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمە نەوتییەکان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە هەبووە، بەڵام لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، حکوومەتی عێراق ساڵانە بڕێک نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.
ئەم هەنگاوە یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ خێزانەکان، بەو پێیەی نرخی نەوتی بازرگانی لە بازاڕەکاندا بەرزە و بەشێک لە هاووڵاتییان توانای کڕینیان نییە. پڕۆسەی دابەشکردنی ئەو نەوتەش بەگوێرەی پسوولە و لە رێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.