رووسیا فڕۆكە جەنگییەكانی لە ئێران كشاندەوە

رووسيا: هیچ فڕۆكه‌یه‌كمان له‌ ئێران نه‌ماوه‌

K24 - هه‌ولێر:

لوان جاگاریان، باڵیۆزی رووسیا لە ئێران دەڵێت، سەرجەم فڕۆكە روسییەكان، بنكەی سەربازی نۆژەی ھەمەدانیان جێھێشتووە، بەڵام لە داھاتوودا ھێرشەكانیان لە بنكە سەربازییەكانی ئێران دەستپێدەكەنەوە.

به‌ گوێره‌ی ھەواڵی ئینتەرفاكسی رووسی، باڵیۆزی رووسیا لە ئێران، رایگەیاندووە، مۆسكۆ ھیچ بەربەستێك بۆ بەكارھێنانی بنكە سەربازییەكانی ئێران بۆ كردنە ئامانجی بنكەكانی داعش لە سووریا نابینێت.

ھەواڵدەری ریانۆڤستی رووسیش ئەمڕۆ رایگەیاند، مۆسكۆ بە شێوەیەكی كاتی، بەكارھێنانی بنكەی سەربازی نوژەی ھەمەدانی ئێرانی بۆ چالاكییەكانی راگرتووە.

ھەفتەی رابردوو وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، فڕۆكە جه‌نگییه‌كانی رووسیا لە ئێران جێگیركراون و لە فڕۆكەخانەی سەربازی نوژەی ھەمەدان بنكەكانی داعشیان لە سووریا كردووه‌تە ئامانج، كە كاردانەوەی ناوخۆیی و وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریكاشی لێكەوتەوە.