چارەنووسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نادیارە
K24 - هەولێر
تەمووزی ئەمساڵ وادەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەسەر دەچێت. بەهۆی ناکۆکیی نێوان لایەنەکان، ئاسان نییە وادەکەی درێژ بکرێتەوە. هاوکات ڕاگرتنی کارەکانی کۆمسیۆن بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی، چارەنووسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی خستووەتە بەردەم تونێلێکی تاریکەوە.
بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراو واتە کەمتر لە مانگێکی دیکە، بووەتە شتێکی نزیک لە مەحاڵ، چونکە وادەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕۆژی 07ـی تەمووز بەسەر دەچێت. بەدووریش دەزانرێت لایەنەکانی عێراق بە ئاسانی لەسەر پێکهێنانی کۆمسیۆنێکی دیکە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان ڕێک بکەون.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە بڕیارێکی دەسەڵاتی سەردەمی پۆڵ بریمەر لە ساڵی 2004 پێک هێنرا، تا ئێستا سێ جار لەلایەن پەرلەمانەوە یاساکەی هەموار کراوەتەوە، بە جۆرێک بۆ زۆرینەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق یاسای کۆمسیۆن هەمواریی تێدا کراوە، کە دوایین هەمواریی لە ساڵی 2019 بوو.
هەروەها لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2023 بە زۆرینەی دەنگ کارەکانی کۆمسیۆن بۆ شەش مانگ درێژ کرایەوە، واتە وادەی کۆمسیۆن لە 07ـی تەموزی ئەمساڵ کۆتایی دێت. بەهۆی ڕاگرتنی کارەکانییەوە لەلایەن دادگەی فیدراڵیشەوە، چارەنووسی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان چووەتە تونێلێکی تاریکەوە.
تەواوبوونی وادەی کۆمسیۆن واتە هەوڵی لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی کۆمسیۆنێکی نوێ لەلایەن پێکهاتە جیاوازەکانی عێراقەوە، کە بەشێکیان بە تایبەتی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ئەدای کاری کۆمسیۆنی ئێستا ناڕازین و زیاتر مەیلیان بەلای کۆمسیۆنێکە لەسەر بنەمای پشک پشکێنەی پێکهاتەکان دروست کرا بێت. هەروەها کۆمسیۆنی ئێستا بە گزییکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ئۆکتۆبەری 2021 تۆمەتبار دەکەن.
ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن هەڵبژاردنی کۆمسیۆنێکی نوێ ناکۆکی دەخاتە نێوان پێکهاتەکانەوە، چونکە بەشێک لە هێزە شیعەکان دەیانەوێت لە ڕێگەی کۆمسیۆنەوە رێگە بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆیان لە عێراق خۆش بکەن، هەروەها پشووی وەرزی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق ڕێگرییەکی دیکەیە هەر چەندە بۆ ماوەی مانگێک وەرزی یاسادانان درێژکرایەوە، خوێندنەوەی یەکەمیش بۆ درێژکردنەوەی وادەی کۆمسیۆن کرا.
لەم بێنەوبەرەیەدا، هیچ دڵنیاییەک نییە لەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان دواش بخرێت بۆ مانگی 10 بەڕێوە بچێت، بەشێک لە چاودێرانیش ئاماژە بەوە دەدەن، ڕێگرییەکان هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەخەنە تشرینی یەکەمی ساڵی 2025.