17 هەزار چەکی بێ مۆڵەت تۆمارکراون؛ "تۆمارکردنی چەک رووداوەکانی کەمکردووەتەوە"

K24 – هەولێر:

لە چەند ساڵی رابردوودا چەک لەلای هاووڵاتییان بوو بەڵام تۆمار نەکرابوو، بە پرۆسەیەکی ورد و یاسایی  لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە چەکە بێ مۆڵەتەکان تۆمارکران، ئێستا زیاتر لە 17 هەزار پارچە چەک تۆمارکراون و بە گوتەی بەرێوبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم "تۆمارکردنی چەک کاریگەری هەبووە لەسەر کەمکردنەوەی رووداوەکان".

عەمید ئیدریس محەممەد، بەڕێوبەری کارگێریی لە بەرێوبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ماوەی ساڵێکدا زیاتر لە 17 هەزار چەک تۆمارکراون، ئەم تۆمارکردنەش کاریگەرییەکی زۆر باشی هەبووە لەسەر کەمکردنەوەی رووداوەکان.

هۆشیاری هاووڵاتییان و پابەندبوون بە یاسا هۆکارێکی دیکەیە بۆ کەمبوونەوەی بەکارهێنانی چەک، ئێستا هاووڵاتییان لەکاتی بوونی هەر کێشەیەک زیاتر پەنا بۆ یاسا دەبن بە گووتەی پارێزەرێک: ئەو کەیسانەی ئێستا دێنە دادگاکان کەمتر رووداوی بەکارهێنانی چەکیان تێدایە.

لە دوای تۆمارکردنی چەکە بێ مۆڵەتەکان، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ هەر کەسێک کڕین و فرۆشتن بە چەکەوە بکات رووبەڕووی یاسای تووند دەبێتەوە کە سزاکەی لە 10 ساڵ زیندانی کەمتر نییە.

ڕۆژی یەکشەممە (30ـی تەموزی 2023) وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، بۆ ئەو هاووڵاتییانەی هێشتا چەکی تۆمار نەکراویان لە ماڵەکانیان هەیە و مەبەستیانە ئەو چەکە بکەنە فەرمی و خۆیان لە لێپرسینەوەی یاسایی بپارێزن، بە گوێرەی ماددەی 12، بڕگەی یەکەم لە یاسای چەک ژمارە 2ـی ساڵی 2022، لە دوای بەرکاربوونی یاسای چەک، دوو مانگ مۆڵەت بۆ هاووڵاتییان هەیە کە خۆیان هەواڵ بدەن لە هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت و داوای مۆڵەت بکەن تا لە سزا ببووردرێن.