کونسوڵی فەرەنسا: عێراق پێنجەم وڵاتە کاریگەریی قەیرانی کەشوهەوای لەسەرە

یان برەیم، کونسوڵی فەرەنسا لە هەولێر
یان برەیم، کونسوڵی فەرەنسا لە هەولێر

K24 - هەولێر

کونسوڵی فەرەنسا ڕایگەیاند، بەپێی پێشینە زانستییەکان عێراق پێنجەم وڵاتە کاریگەریی قەیرانی کەشوهەوای لەسەرە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-05-2024، بە ئامادەبوونی لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک بەرپرسی حکوومی و حزبی، سیمپۆزیۆمی تایبەت بە وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووریی و دیمۆگرافیی عێراق، لە شاری هەولێر دەستی پێ کرد.

لای خۆیەوە یان برەیم، کونسوڵی فەرەنسا لە هەولێر ڕایگەیاند، شانازی دەکەم کە لەم سیمپۆزیۆمەدا بەشدارم سوپاسی ڕێکخەرانی ئەم کۆنفرانسە دەکەم، کاریگەرییەکانی کەشوهەوا بابەتێکی جیهانییە. گەرم بوونی جیهان هەموو دانیشتوانی گۆی زەوی و هەسارەکەمان دەگرێتەوە، بەشێوەی جیاواز کاریگەری لەسەر هەریەکەمان دروست دەکات.

ئەو کونسوڵە گوتی، "وڵاتان تووشی کاریگەری کەشوهەوای جیاواز دەبن، بەڵام دانیشتوان و توێژینەوە زانستییەکان نیشان دەدەن، جارێکی دی ئەوانەی تووشی ئەم گۆڕانە دەبن لە هەستیارترین بارودۆخن و زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت".

یان برەیم ڕاشیگەیاند، "بەپێی پێشینە زانستییەکان عێراق پێنجەم وڵاتە، کاریگەری قەیرانی کەشوهەوای لەسەرە. بەرزبوونەوەی پلەی گەرما دەتوانێت هەندێک ناوچە بکات بە شوێنێک کە ژیانی تێیدا نەبێت و بۆ ژیان دەست نەدەت".

ئەوەشی خستە ڕوو، "دیاردەی کەشوهەوا وادەکات دەست ڕاگەشتن بە ئاوی خواردنەوە قورستر بێت، بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەم ئالەنگارییە جیهانییە، هاوکاریی نێوان گەلان و حکوومەتەکان هوشیاریی لەبارەی نایاسایی و گەڕان بەدوای چارەی پراکتیکی بۆ گەرمبوونی جیهان بدۆزنەوە".

Fly Erbil Advertisment