شاخەوانیی ئومێدی ژیانی بۆ ژمارەیەک تووشبووی نەخۆشی شێرپەنجە گەڕاندووەتەوە

K24 - هەولێر

ژماره‌یه‌ك ئافره‌تی نه‌خۆشی نه‌خۆشخانه‌ی هیوا له ‌سلێمانی، وەک شێوازێکی دیکەی چارەکردن ڕوویان له ‌وه‌رزشی شاخەوانی كردووه‌ و چوار ساڵە لەلایەن ئافره‌تێكی خه‌ڵكی سنه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانەوە سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن و بە شاخەوانی بۆنەته‌ خاوه‌ن ته‌ندروستییه‌كی باش.

ئافرەتێکی بەشداربووی گەشتەکە وەک خۆی باسی دەکات نەخۆشیی و بێ ئومێدکردنی لە چاکبوونەوە نەبووەتە هۆی دەست بەرداربوونی لە ژیان، بەڵکو سێ ساڵە بە شاخەوانی لەگەڵ نەخۆشییەکەیدا دەجەنگێت لە کاتێکدا پزیشکەکان سێ ساڵ لەمەوبەر تەنیا هەفتەیەکیان بۆ دانابوو.

نازه‌نین كه‌ریم تووشبووی شێرپەنجە دەڵێ: دکتۆر بێ ئومێدی کردم و گوتی هەفتەیەکی ماوە و بیبەنەوە ماڵەوە، لە دەرەوەی نەخۆشخانەی هیوا پشکنینم کرد، ئەوانیش لە چاکبوونەوەم بێ هیوا بوون، سوپاس بۆ خوا ئێستا ئەوەتا بەپێوە وەستاوم، ئەگەر بە مەزەندەی دکتۆر بووایە سێ ساڵ پێش ئێستا دەبوو بمردمایە، هەر جارێک گەشتی شاخ بکەم هەفتەیەک خوڕەی ئاو و دیمەنەکان لە هزرمدا دەمێنن و هەست ناکەم کە نەخۆشم، نەخۆشخانەم هەر بیر نامێنێ و بە شانازییەوە دەڵێم ئەوەی گەشتی شاخ بکات نەخۆش نامێنێ.

ناوه‌ندی سۆران لە فیدراسیۆنی شاخه‌وانیی كوردستان، ژمارەیەک لە نه‌خۆشانی نه‌خۆشخانه‌ی هیوایان له ‌سلێمانییەوە داوەتی گەشتێکی سروشتی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ کردووە، ئافره‌تێكی سنه‌یی ڕۆژهه‌لاتی كوردستان چوارساڵه‌‌ بۆته‌ فریادره‌س و مامۆستای وه‌رزشی ئه‌و نەخۆشانەی شێرپەنجە.

فه‌ره‌ح موراد سه‌لیمی ڕاهێنەری وه‌رزش دەڵێت: پڕۆژەیەکم دایە نەخۆشخانەی هیوا و پەسەندیان کرد، چەندین ساڵە کاریان لەگەڵ دەکەم و پرۆگرامەکەشم سەرکەوتوو بووە، تەنیا داواکاریم لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانە پاڵپشتیمان بکەن بۆ ئەوەی بتوانین پەرەی زیاتر بە وەرزش بدەین بە شێوازی چارەکردن نەک لە بری دەرمانە کیمیاییەکان، پێویستە چارەخواز ئۆکسجینی سروشت وەربگرێ نەوەک دەرمانی کیمیایی نەخۆشخانە.

له‌م گه‌شته‌ شاخەوانییەدا 20 ئافره‌تی توشبوو ‌نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ به‌شداریان كردووه‌ و وه‌رزش و شاخەوانیی بۆته‌ به‌شێكی گرنگی ژیانی ڕۆژانه‌ی ئه‌وان و هه‌فته‌ی حه‌وت ڕۆژ له‌پێناو ته‌ندروستیان  وه‌رزش ده‌كه‌ن.

زانستی تەندروستی سەلماندوویەتی وەرزش بەشێکە لە چارە و مرۆڤ دووردەخاتەوە لەمەترسی توشبوون بەنەخۆشییەکان و تەنانەت چارەی زۆربەی نەخۆشیەکانیش دەکات، ئاوو هەواش هۆیەکی دیکەی پاراستنی مرۆڤە له‌ نه‌خۆشیه‌كان.

Fly Erbil Advertisment