لیجنەیەکی پسپۆڕ لێکۆڵینەوە لە هۆی مردنی نەورەسەکان دەکات
K24 - هەولێر
ڕاگری کۆلیژی ڤێتەرنەری زانکۆی سلێمانی ڕایگەیاند، لیجنەیەکی پسپۆڕ بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆی مردنی نەورەسەکانی دوکان پێک هێنراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی ئایاری 2024، د. نادیە محەممەد، ڕاگری کۆلیژی ڤێتەرنەری زانکۆی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێمە وەکو زانکۆی سلێمانی بەسەرپەرشتیی سەرۆکی زانکۆ، لیجنەیەکمان پێک هێناوە، بۆ بەدواداچوون لە هۆی مردنی نەورەسەکان. چونکە ئەگەر تەندروستیی ئاژەڵەکان پارێزراو نەبێت، تەندروستیی مرۆڤیش پارێزراو نابێت.
ئەو ڕاگرە دەڵێت: "لیجنەکە تایبەتە، چونکە ئەم لیجنەیە جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ لیجنە کانی دیکە، ئەویش لیجنەیەکی هەمەجۆرە لە ڕووی پسپۆڕایەتی جیاوازەوە، لیجنەکە بەسەر پەرشتی خۆم دەبێت لەگەڵ کۆلێژی زانست و کۆلێژی کشتوکاڵ و چەند ئەکادیمیستێک، کار دەکەین بۆ ئەوەی بگەین بە ئەنجامێکی ڕاست و دروستی مرداربوونی نەوڕەسەکان".
نادیە محەممەد دەشڵیت، "ئێمە نامانەوێ هیچ بابەتێکی پێشوەختە باس بکەین، دەمانەوێت بەشێوازێکی تایبەت لە بابەتەکە بکۆڵینەوە، ئەمڕۆ تیمەکە دەستییان بەکارەکانییان کردووە".