کابینەی نۆیەم بایەخێکی تایبەتی بە کەرتی ژینگە و بووژانەوەی داوە

K24 - هەولێر
کابینەی نۆیەم بایەخێکی تایبەتی بە کەرتی ژینگە و بووژانەوەی داوە و لەو ماوەیەدا هەزاران کار و چالاکی جیاوازیی تایبەت بەو کەرتە بەڕێوەچوون کە خۆی لە ڕەزامەندی و ڕێگەپێدان و کارئاسانی بۆ پڕۆژەکان دەبیننەوە.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چوار ساڵی کارکردنی خۆیدا بایەخێکی تایبەتی بە کەرتی ژینگە داوە و لەو ماوەیەدا لە ڕێگەی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەوە، چەندین کار و چالاکیی گرنگ کراون.
هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە، لە سنووری پارێزگاکانی، هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، ڕێگەپێدان و ڕەزامەندی بە 11558 پڕۆژە دراون لە بوارەکانی، پیشەسازی، پیشەسازیی خۆراک، خزمەتگوزاری، بازرگانی، کشتوکاڵی و تەندروستی دراوە بەم شێوەیە: لە پارێزگای هەولێر، 3940 پڕۆژە، سلێمانی 3541 پڕۆژە، دهۆک 2399 پڕۆژە و هەڵەبجە 39، ئیدارەی گەرمیان 1004 پڕۆژە و ئیدارەی راپەڕینیش 635 پڕۆژە بوون.
هەروەها لەو ماوەیەدا ڕێگریی لە کردنەوەی 89 پڕۆژەی جیاواز لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا کراوە کە ئەو پڕۆژانە لەگەڵ یاسا و ڕێنماییە ژینگەییەکان نەگونجاون، ئەمە جگە لەوەی چاودێریی و بەدواداچوون و پشکنین بۆ 19658 پڕۆژەی بوار جیاواز کراون.
هەر لەو ماوەیەدا، 7240 هەڵمەتی هۆشیاریی ژینگەیی و ڕاگەیاندن کراون کە لە ڕێگەیانەوە هەوڵ دراوە ئاستی هۆشیاریی هاووڵاتیان بۆ پاراستنی ژینگە بەرزتر بکرێتەوە.
هەروەها ئەو کارگە و پڕۆژانەی کە پێش یاسای ژمارە 8ـی ساڵی 2008 مۆڵەتیان وەرگرتووە و شوێنی سەوزکردنیان لەنێو ڕووبەری پرۆژەکانیاندا نەبووە، کاری سەوزکردنیان لە ناوچە و شوێنی دیکەدا پێ سپێردراوە، بەجۆرێک لەو ماوەیەدا زیاتر لە 706 دۆنم ڕووبەر زەوی بەو کارگە و پرۆژانە سەوز کراون.
کار و دیدگای سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ کوردستانێکی سەوز:
1. قەدەغەکردنی سووتاندنی گازی کێڵگەکان:
لە پاڵاوگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە 150 ملیۆن مەتر سێجا گازی زیانبەخش
دەسووتێنرا و تێکەڵ بە هەوای پاک دەکرا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئەمەی قەدەغە کرد.
2. بەرهەمهێنانی وزەی پاکی پشتبەستوو بە وزەی خۆر:
سەرۆکوەزیران بارزانی تا کۆتایی ساڵی 2024، 100 ملیۆن دۆلاری بۆ بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە لە ڕێگەی تیشکی خۆر تەرخان کردووە کە ئامانج لێی دوورکەوتنەوەیە لە دەستکەوتنی وزە لە ڕێگەی سووتەمنییە باوەکان.
3. حیکمەتی گلدانەوەی باران:
زیاتر لە 100 پۆند دروستکراون و دەکرێن بە مەبەستی گلدانەوەی ئاو کە یارمەتیدەرن بۆ کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاری و ڕێگریش دەکەن لە دروستبوونی لافاو.
4. دامەزراندنی کارگەی بەکارهێنانەوەی قیری بەکارهاتوو:
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی یەکەمین کارگەی پێشکەوتووی ڕیسایکلینی قیری کردەوە کە بە یەکەم کارگەی لەوچەشنە لە سەرتاەسری عێراق دادەندرێت و ئەمەش کۆڵەکەیەکی گرنگی شۆڕشی ژینگەدۆستانەیە.
5. دەرکردنی یاسای پاراستنی مافی ئاژەڵان:
حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە جێبەجیکردنی پڕۆژەیاسای ژمارە 14 کرد کە تایبەتە بە مافی ئاژەڵان و سزادانی توندی ئەوانەی توندوتیژی بەرامبەر ئاژەڵان دەکەن.
6. پاراستنی سامانی ئاو:
هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پڕۆژە یاسای ژمارە چوار، هەوڵی پاراستنی سامانی ئاوی داوە کە تایبەتە بە پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و وەستانەوە دژی پیسبوونی ئاو و گۆڕانی تۆپۆگرافی.
7. جوانترکردنی ژینگەی کوردستان:
لە هەرێمی کوردستان دەست بە دروستکردنی زیاتر لە 200 بەنداو و پۆند کراوە کە هۆیەکن بۆ جوانتربوونی دیمەنی سرووشتی کوردستان.
8. چارەسەر و دووبارە بەکارهێنانەوەی خاشاک:
لە کابینەی نۆیەمدا پرسی ڕیسایکلین بەرەوپێش براوە و ئاسانکاریی بۆ دامەزراندنی کارگەی ڕیسایکلینی پلاستیک و ئەلەمنیوم و ماددە کانزاییەکانی دیکە کراوە.