ئەمریكا: سیناتۆرێك رەخنەی توند لە ئۆباما دەگرێت
مارك كیرك: ئۆباما وەكو فەرماندەی بازرگانانی ماددەی ھۆشبەر رەفتار دەكات

مارك كیرك، سیناتۆری ئەمریكی لە ویلایەتی ئیلینۆی، رەخنەی توندی لە ئۆباما، سەرۆكی وڵاتەكەی گرت و بەوە وەسفی كرد، كە وەكو فەرماندەی بازرگانەكانی ماددەی ھۆشبەر رەفتار دەكات.
رەخنەكەی كیرك لە وەڵامی ئەو راپۆرتانەدا ھات، كە باس لەوە دەكەن واشنتۆن لە مانگی كانوونی دووەمی رابردوودا، بڕی 400 ملیۆن دۆلاری داوەتە ئێران، ئەو بڕە پارەیەش بەشێك بووە لە رێككەوتنێكی یاسایی پێشتر راگەیەندراو لە ساڵی 1979 دەربارەی ئەو پارانەی پێویست بووە ئەمریكا لە بەرامبەر ئازادكردنی زیندانییەكانی، بیداتە ئێران.
لەم بارەیەوە كیرك دەڵێ " نابێ رێگا بە سەرۆكی ئەمریكا بدەین وەك فەرماندەی بازرگانەكانی ماددەی ھۆشبەر رەفتار بكات و پارەی كاش و خاوێن بداتە وڵاتێك، كە داڵدەی تیرۆر دەدات و پەروەردەی دەكات".
كیرك ھەروەھا ئاماژە بەوە دەكات " ئەو كاغەزە 500 یۆرۆییانە وردە وردە لە تەواوی ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەردەكەون و بەو ھۆیەشەوە كێشەی گەورە لە چەندین وڵاتی ناوچەكەدا سەرھەڵدەدەن".
لای خۆیەوە جۆن كێربی، وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پەیوەست بەم بابەتە دەڵێ " ئەو 400 ملیۆن دۆلارەی دراوەتە ئێران، وەك كارتی فشار دراوەتە ئەم وڵاتە، نەك وەك فدییە".