هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا ناڕەزایەتیی لێ کەوتووەتەوە

K24 - هەولێر

هەوڵەکان بۆ گۆڕینی دەستووری نوێی تورکیا بەردەوامن و سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی سەرقاڵ کردووە؛ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بۆ وەرگرتنی ڕای پارتەکان دەستی کردووە بە کۆمەڵێک سەردان و چالاکی سیاسی.

پرسی دەستووری تورکیا، سەرجەم پارتەکانی سەرقاڵ کردووە. نوعمان کۆرتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بە مەبەستی گفتوگۆ لەبارەی پرسی هەموارکردنەوەی دەستوور سەردانەکانی بۆ لای پارتەکان دەست پێ کردووە. یەکەم سەردانی بۆ جەهەپە و دواتر دەم پارتی و پارتی سەعادەت و ئیی پارتی بووە.

 سەرۆکی نۆی ئیی پارتی بە ڕوونی وەڵامی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیای دایەوە جەختی لەوە کردەوە لەگەڵ گۆڕینی دەستوور نین و "ئاک پارتی لە پێناو بەرژەوەندیی خۆی هەوڵی گۆڕینی دەستوورەکە دەدەات". گوتەبێژی دەم پارتیش ئایشە گوڵ دۆغان ڕایگەیاند، "ئێمە دەمانەوێت دەستوورێکی مەدەنی بێت و لە پێناو بەرژەوندیی گەلدا بێت و فریودەر نەبێت".  

بۆ هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا، ئیمزای 400 پەرلەمانتار پێویستە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ هەموار بکرێتەوە یان لە پەرلەمان 360 ئیمزا کۆ بکرێتەوە بۆ ئەوەی پرسەکە بخرێتە بەردەم گەل و لە ڕێگەی گشتپرسییەوە پەسند بکرێت. ئەندام پەرلەمانێكی پێشووی ئیی پارتیش ئاماژە بەوە دەدات، "پرسی گۆڕینی دەستوور پەیوەندی بە هەموو هاووڵاتییانەوە هەیە بە کورد و تورکەوە".

محەممەد سەلیم ئەنساری ئۆغلوو، دامەزرێنەر و ئەندام پەرلەمانی پێشووی ئیی پارتی ڕوونی کردەوە، "پرسی دەستوور واتە گرێبەستی نێوان خەڵک و حکوومەت، دەستوور تایبەت بە پارتێک نییە، دەستوور بۆ تەواوی پارتەکان، سەندیکا، ڕێکخراو و هەموو هاووڵاتییانە بە تورک و کوردەوە. دەستووری نۆی دبێت قبووڵکراو بێت لە لایەن هەموو خەڵکەوە و بیروڕای هەموو کەسێک وەربگیرێت و خەڵک قبووڵی بکات. هەندێک کەس وادەزانێت ئەو دەستوورە تەنها بۆ پارتێکە، نەخێر بۆ هەمووانە".

 دەستووری تورکیا لە 177 مادە پێک هاتووە و تا ئێستا 134 جار هەموار کراوەتەوە و بە دەستوررێکی "سەپێنراو" پێناسە دەکرێت. دەم پارتی بە پێویستی دەزانێت سەر لە نۆی بنووسرێتەوە، کاری پێ بکریت و لە پێناو بەرژەوەندیی گەلدا بێت. ئیی پارتیش لەو بڕوایەدایە دەسەڵات لە پێناو "بەرژەوەندیی خۆی" هەوڵی گۆڕینی دەستوور دەدات .