چەكدارانی حەشدی شەعبی 6 ھاووڵاتی دەڕفێنن
K24 – گەرمیان
شەوی رابردوو چەكدارانی حەشدی شەعبی 6 ھاووڵاتی لە ناحیەی جەبارە دەڕفێنن و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
سەرچاوەیەك لە پۆلیسی ناحیەی جەبارە بە كوردستان24 رایگەیاند: "شەوی رابردوو گروپێكی چەكدارانی حەشدی شەعبی 6 ھاووڵاتی لە گوندی جدێدەی سەر بە ناحیەی جەبارە لە سنوور خانەقین رفاندووە".
گوتیشی: "بەپێی زانیارییەكان ئەو گروپەی حەشدی شەعبی لە ناحیەی سلێمان بەگەوە ھاتوون و ئەو كەسانەی رفێندراون باوكێك و 5 كوڕن و عەرەبی سوننەن، تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە".
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشكرد: "ماوەی كەمتر لە مانگێكە چەكدارانی حەشدی شەعبی لەناوچەكە دەستیان كردووە بە رفاندنی ھاووڵاتیانی عەرەبی سوننە و لەم ماوەیەدا چەند كەسێكی دیكەشیان رفاندووە، بەپێی زانیارییەكان ئەو كەسانەی رفێندراون بەرەو ناحیەی سلێمان بەگ براون".