فێستیڤاڵی قوتابییە بەهرەمەندەکانی هونەرە جوانەکانی هەولێر بەڕێوەچوو

فێستیڤاڵی قوتابیتە بەهرەمەندەکانی هونەرە جوانەکانی هەولێر بەڕێوەچوو
فێستیڤاڵی قوتابیتە بەهرەمەندەکانی هونەرە جوانەکانی هەولێر بەڕێوەچوو

K24 - هەولێر

فێستیڤاڵی قوتابییە بەهرەمەندەکانی هونەرە جوانەکانی هەولێر شەش خونچە گوڵیان پێشکەشی پایتەخت کرد.

شاخەوان مستەفا: دەتوانێت بەستەڵەکەکان بشکێنێت

فێستیڤاڵی ساڵانەی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر، ژوانێک بوو لەگەڵ ئەو بەهره شاراوانەی کە دنیایەک خەونی جوانیان بۆ هونەری حەوتەم هەیە و دەیانەوێت لە ڕێگەی سینەمادا حەوت ڕەنگی میوزیکی و شێوە و هێل و شانۆ و دراما تێکەڵ بە یەکتر بکەن.

ئەگەرچی لە ڕووی داراییەوە فێستیڤاڵەکە هەژاربوو، بەڵام گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی لە هونەرەکەدا شکاند و شەش خونچە گوڵی لە یەخەی پایتەختی هونەردا و بەهرەی قوتابیە تامەزرۆکانی سینەما لە ئێوارەیەکدا بەناونیشانی (بۆ ئەوەی هونەر و کولتووری هەر گەلێک گەشە بکات، پێویستە سەرەتا کار لەسەر پەروەردەکردنی گەنج و قوتابیان بکرێت) نیشاندرا.

زنجیرەیەک گوتار پێشکەش کرا

دەسپێکی فێستیڤاڵە یەک ڕۆژییەکەی سینەما لە ڕوانگە قوتابیانەوە، به وتاری "دانا محەممەد"ـی سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە دەستی پێکرد و باسی لە ئەزموونی ساڵانی خوێندنی قوتابیان کرد لە بەشی شانۆ و سینەمادا، کە بەشێوەیەکی پڕاکتیکی کاریان لەسەر بەرهەم هێنانی کورتە فیلم کردووە و چیرۆک و ڕووداوەکانی نێو کۆمەڵگەیان لە بەرهەمەکانیاندا جێ کردووەتەوه.

پاشان وتاری "شاخەوان مستەفا"ـی بەڕێوەبەری هونەری سینەمای هەولێر پێشکەشکرا، کە تیایدا باسی ڕۆڵی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێری کرد، کە هەمیشه پاڵپشت و پشتیوانی کارە هونەرییەکان دەبێت لە بواری فیلمسازی دا.

لە میانی وتارەکەشیدا گوتی: سینەما ئەو هونەرەیە کە دەتوانێت بە ئاسانی بەستەڵەکە سیاسی و جڤاکیەکان بشکێنێت، کە بوون بە گرێ کوێره و کردنەوەی دەروازەکان لێی ئاستەمن و چیرۆکەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردی تەنیا لە هونەری گەنجدا دەتوانرێت وەک خۆی نیشانی ئێمەنان و جیهان بدرێت و ئەم دەرفەتەش، کە بۆیان ڕەخساوە، دەکرێت زیاتر برەو بە هونەرەکەیان بدرێت و لە داهاتووشدا وەک نەوەیەکی هونەردۆست داهێنانی زیاتر لە سینەمادا پێشکەش بکەن.

شەش کورتە فیلم نمایشکران

فێستیڤاڵەکە، لە 51 خولەکدا شەش کورتە فیلمی تراژیدی و کۆمێدی تێدا نمایشکرا، کە پڕبوون لە عەشق بۆ هونەری سینەما و نەخشە ڕێگەی داهێنان لە بواری فیلمسازیدا، بەتایبەت فیلمی "مردووەکان"، کە چیرۆکێکی تراژیدی تەنز ئامێز بوو لە نەخۆشخانە تایبەتەکان، کە بەهۆی بەرژوەندیی کەسیەوە تەرمی مرۆڤێکی هەژار نەدەتوانرا لەو نەخۆشخانەیە بچێتە دەرەوه، کە ئەمەش جۆرێک بوو لە لادان لە یاسا و مرۆڤایەتی لەم فیلمەدا خستبووە ژێر پرسیارەوە.

جگە لەمەش "ژیار عزەدین" وەک بەهرەمەندێک ئەزموونێکی نوێ لە سینەما تاقی کردەوە و کورتە فیلمێکی بەپێزی کۆمێدی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و بە چەپڵە ڕێزانی دانیشتووانی هۆڵەکە پێشوازی لە بەرهەمەکەی کرا.

Fly Erbil Advertisment