کورد، عەرەب و تورکمان لە کەرکووک پێکەوە دژی نرخی کارەبای مۆلیدە رژانە سەر شەقام

بەهۆی دیاریکردنی نرخی هەر ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە بە 18 هەزار دینار لە لایەن قایمقامییەتی کەرکووکەوە، شەپۆلێکی فراوانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە چەندین گەڕەکی جیاوازی شارەکە سەریهەڵدا؛ لە ئەنجامی گرژی و بەریەککەوتنی نێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی پۆلیسی چالاکە مەدەنییەکان، پێنج پۆلیس بریندار بوون.

یەکشەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2026، هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک، گوتی: لە چەندین گەڕەکێکی شارەکە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەرفراوانی جەماوەری دژی گرانبوونی نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان سەری هەڵدا، دوای ئەوەی قایمقامییەتی شارەکە نرخی هەر ئەمپێرێکی بۆ ئەم مانگە بە 18 هەزار دینار دیاری کرد.

ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارەکەی قایمقامییەت لە لایەن دانیشتووانی شارەکەوە بە ناڕەوا و قورس وەسف کراوە، بە تایبەت کە لەم وەرزەدا پێداویستیی کارەبا وەک هاوین نییە. ناڕەزایەتییەکان گەڕەکەکانی (موسەڵڵا، ئەسرا و مەفقوودین، شوهەدا، عورووبە، کوردستان)ـی گرتەوە، تێیدا هاووڵاتییان لە رێگەی ئاگرکردنەوە و سووتاندنی تایەوە، هاتوچۆیان لە بەشێک لە شەقامە سەرەکییەکاندا پەکخست.

پەیامنێری کوردستان24 دەڵێت: لە گەڕەکی حوزەیران دۆخەکە گرژیی بەخۆیەوە بینی و بەریەککەوتن لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان روویدا، کە لە ئەنجامدا نزیکەی پێنج کارمەندی پۆلیس بریندار بوون.

هاووڵاتییانی ناڕازی، لە سەرجەم پێکهاتەکانی شارەکە لە کورد، عەرەب و تورکمان بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردبوو. ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران لە لێدوانیاندا بۆ کەناڵەکە جەختیان لەوە کردەوە کە زۆرینەی دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە کەمدەرامەتن و توانای دابینکردنی ئەو نرخە گرانەیان نییە، بە تایبەت کە تا ئێستا هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار بەدەم داواکارییەکانیانەوە نەهاتووە.

خۆپیشاندەران بەراوردی دۆخی ئێستایان لەگەڵ ناوچەکانی دیکە و قۆناخەکانی پێشوو کرد و ئاماژەیان بەوە دا: لە وەرزی هاویندا نرخی ئەمپێرێک کارەبا تەنیا 7 هەزار دینار بوو، تەنانەت لە شاری مووسڵیش نرخ لە 9 هەزار دینار تێناپەڕێت، کەچی لە کەرکووک کراوەتە 18 هەزار دینار؛ لە کاتێکدا لە سەردەمی خوالێخۆشبوو د. نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووتر، نرخی هەر ئەمپێرێک تەنیا 3 هەزار دینار بوو.