عێراق هەنگاو بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی ئوردن و مسر دەنێت
تیمی هاوبەشی عێراق، ئوردن و مسر لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە وردەکارییە تەکنیکی و کارگێڕییەکانی پڕۆژەی بۆڕیی هەناردەکردنی نەوتی خاوی بەسرە - حەدیسە و چەند پڕۆژەیەکی دیکەی هاوبەشیان لە کەرتی نەوت، وزە و پەترۆکیمیا تاوتوێ کرد.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، عەلی وارد حەموود، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای پڕۆژە نەوتییەکان سەرۆکایەتیی دووەمین کۆبوونەوەی تیمی کاری عێراقی تایبەت بە بەدواداچوونی پڕۆژەکانی ئەنجوومەنی هەماهەنگیی سێقۆڵیی کردووە.
کۆبوونەوەکە تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی پڕۆژەی بۆڕیی بەسرە - حەدیسە، لەوانە تیرەی بۆڕییەکە، توانای گواستنەوەی نەوت، بڕی نەوتی خاوی ئامانجکراو بۆ هەناردەکردن، هەروەها لکێنراوەکان و رێڕەوەکانی پەیوەست بە بۆڕییەکەوە. لەم چوارچێوەیەدا، لایەنی عێراقی وەڵامی سەرنج و پرسیارە تەکنیکییەکانی هەردوو لایەنی ئوردنی و میسری دایەوە.
هاوکات بەشداربووان تاوتوێی پڕۆژەی کۆمەڵگەی هاوبەشی پەترۆکیمیا و پێداویستییەکانی دابینکردنی نەوتی خاو، بەرهەمە نەوتییەکان و کەرەستە سەرەتاییەکانیان کرد بۆ پڕۆژە پیشەسازییە پێشنیازکراوەکان. لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەکانی دروستکردنی کۆگاکانی نەوت، پاڵاوگەکان و کردنەوەی دەروازەی نوێی هەناردەکردنی نەوتی عێراق و بەرهەمە نەوتییەکان لە رێگەی دەریای سوور و دەریای ناوەڕاستەوە کرا.
کۆبوونەوەکە پێداچوونەوەی بۆ ئەو پڕۆژە و دەستپێشخەرییانە کرد کە لەلایەن میسرەوە پێشکەش کرابوون، لەوانەش پڕۆژەی بەخەڵووزکردن و سووتەمەنیی فڕۆکەی بەردەوام. لە درێژەی گفتوگۆکاندا، تواناکانی کۆمپانیا مسرییەکان لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی نەوت و گاز و ئاسۆکانی هاوکاری لە بواری تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنانی هایدرۆجین تاوتوێ کران.
عەلی وارد حەموود لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی دیالۆگە تەکنیکی و هەماهەنگییەکان کردەوە، بە مەبەستی پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی زانیاری و شارەزایی لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەر سێ وڵاتدا. حەموود روونیکردەوە، ئەم هەنگاوانە بۆ لێکۆڵینەوە لە پڕۆژەکان و چارەسەرکردنی سەرنجە تەکنیکییەکان پێویستن، تاکو پێداویستییەکانی جێبەجێکردن دیاری بکرێن و لە قۆناغی گفتوگۆوە بۆ هەنگاوی کردەیی تێبپەڕن، کە هاوبەشیی ئابووری و تەواوکاری لە بوارەکانی نەوت، وزە و پیشەسازی بەهێزتر دەکات.
لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی لێکۆڵینەوە، پلاندانان و بەدواداچوون، نوێنەرانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی نەوت، ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی دەرەوە و پیشەسازی و کانزاکان، لەگەڵ نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی میسر و ئوردن ئامادە بوون.