سەرۆك بارزانی: بە درێژایی مێژوو گەلی كوردستان ئاشتی و تەبایی ویستووە
K24 - هەولێر
سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە شاندێكی ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق کرد كە پێك هاتبوو لە پڕۆفیسۆر میسێل ڤیڤۆركا و پڕۆفیسۆر فابیریسل بەلانش و ماریۆس ئیكسپۆزیتۆ و تیالی یلمەن و دكتۆر عادل باخەوان.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا شاندی میوان پێزانینی بۆ قوربانیدان و خۆڕاگریی گەلی كوردستان هەبوو لە خەبات و كۆڵنەدانی بۆ گەیشتن بە ئازادی و ڕۆڵی سەرۆك بارزانیان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان بەرز نرخاند و هەروەها ستایشی فەرهەنگی پێكەوەژیان و پاراستنی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستانیان كرد.
هەر لەو دیدارەدا، گفتوگۆیەكی تێروتەسەل و كراوە لەبارەی بارودۆخی سیاسی و پێشهات و هەڕەشە و مەترسیەكان لە عێراق و ناوچەكە و هاوكێشە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان و هەروەها ڕەوایەتی و ئاییندەی دۆزی گەلی كوردستان و سەقامگیریی ناوچەكە كرا.
سەبارەت بە مافەكانی گەلی كوردستان، سەرۆك بارزانی وێڕای شیكردنەوەی ڕەهەندە مێژوویی و سیاسی و یاساییەكانی ڕەوایەتیی دۆزی گەلی كوردستان لە عێراق و ناوچەكە و هەروەها خەباتی گەلی كوردستان بۆ پارێزگاریكردن لە مانەوە و پێشخستنی دۆزی خۆی، جەختی لەوە كردەوە كە یەكلاییكردنەوەی كێشەكان لەڕێگەی شەڕ و نكۆڵیكاری و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی گەلی كوردستان هیچ ئەنجامێكی نەبووە و نابێت و باشترین ڕێگە بۆ چارەكردنی كێشەكان بە كێشەی گەلی كوردستانیشەوە، لە ناوچەكەدا لەیەكگەیشتن و ئاشتی و ڕێكارە دیموكراتییەكان و دیالۆگە.
سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەش دا بە درێژایی مێژوو، گەلی كوردستان ئاشتی و تەبایی و هاوبەشی ویستووە و هیچكات دەستپێشخەری شەڕ و گرژی نەبووە.
