بەهای دۆلارێک لە ئێران گەیشتە نزیکەی 290 هەزار تمەن
بە گوێرەی ئامارەکانی بازاڕی دراوی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2026 نرخی یەک دۆلاری ئەمەریکی لە بازاڕی ئازاددا گەیشتە 289 هەزار و 890 تمەن، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی لەبارەی گەیشتنی بارێکی گەورەی دۆلار لە وڵاتێکی دراوسێوە و بەرزکردنەوەی بڕی دراوی تەرخانکراو بۆ بازاڕ.
بەشی ئابووریی ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاوی کردەوە، بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی پێی گەیشتوون، لەم دواییانەدا بارێکی قورسی دراوی کاغەزی دۆلار لە یەکێک لە وڵاتە دراوسێکانەوە هێنراوەتە ناو ئێران.
ئاژانسەکە باسی لەوە کردووە کە پێشتر سەرۆکی گشتیی بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاندبوو دوو ملیار دۆلار بۆ پێدان بە سەرجەم داواکاران لە ناوخۆی وڵاتدا تا سنووری 10 هەزار دۆلار تەرخان کراوە، بەڵام ماوەیەک لەمەوبەر سنووری ئەو بڕە بۆ سێ ملیار دۆلار بەرز کرایەوە.
بە گوتەی بەرپرسانی بانکی ناوەندی کە ئاژانسی فارس گواستوویەتییەوە، یەدەگی دراوی بانکەکە لە دۆخێکی گونجاودایە و پێشبینی دەکرێت خستنەبازاڕی بەردەوامی دراو ببێتە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار، هەروەها لە مەودای کورتخایەندا هاتنی دراوی کاغەزی ئامادە بۆ بازاڕی ئازاد بتوانێت گوشاری خواست کەم بکاتەوە و نرخەکە بەرەو ئاستێکی بەرچاو دابەزێنێت.
لە بەرامبەردا، داتاکانی تۆڕی زانیاریی زێڕ و سکە و دراوی ئێران (TGJU) لە کاتژمێرەکانی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ نیشانی دەدەن کە نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازاددا بە رێژەی 2.11% بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 898 هەزار و 900 ریاڵ (289 هەزار و 890 تمەن).
بە گوێرەی خشتەی ئامارەکانی ئەو تۆڕە، رۆژی چوارشەممە بازاڕ بە دوو ملیۆن و 840 هەزار و 800 ریاڵ (284 هەزار و 80 تمەن) کراوەتەوە و بەرزترین نرخی رۆژەکەش گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 908 هەزار و 900 ریاڵ (290 هەزار و 890 تمەن). هەروەها بەهای دۆلار لە بازاڕی ئازادی ئێراندا لە ماوەی هەفتەیەکدا 8.84%، لە ماوەی مانگێکدا 7.56%، لە شەش مانگدا 66.68% و لە ماوەی یەک ساڵدا 155.49% بەرز بووەتەوە.