به‌سمه‌ ئه‌وقاتی: به‌ كۆتاییهاتنی ئه‌ركی یۆنامی، هیچ لایه‌نێكی نێوده‌وڵه‌تی نامێنێت چاودێری عێراق بكات

56
56

K24 - هه‌ولێر:

شاره‌زایه‌كی سیاسی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، یۆنامی كاریگه‌رییه‌كی ئه‌رێنی له‌ عێراق نه‌بووه‌؛ ده‌شڵێت عێراق ده‌یه‌وێت به‌ كۆتاییهێنانی ئه‌ركی یۆنامی هاوسه‌نگی له‌ وڵات ڕابگرێت.

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 13ـی ئایاری 2024) به‌سمه‌ ئه‌وقاتی، شاره‌زای سیاسی تایبه‌ت به‌ كوردستان24 ڕایگه‌یاند، داواكاری عێراق بۆ كۆتاییهێنان به‌ ئه‌ركی یۆنامی ئاماژه‌یه‌كه‌ كه‌ عێراق جۆرێك له‌ ئاسایش و سه‌قامگیری به‌ خۆوه‌ بینیوه‌.

به‌سمه‌ ئه‌وقاتی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، به‌ كۆتاییهاتنی ئه‌ركی یۆنامی، هیچ لایه‌نێكی نێوده‌وڵه‌تی نامێنێت چاودێری عێراق بكات بۆ نموونه‌ چاودێریكردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌ له‌ لایه‌ن یۆنامییه‌وه‌ پشتیوانی لێ ده‌كرا.

ئه‌و شاره‌زا سیاسییه‌ گوتیشی، نه‌بوونی لایه‌نێكی نێوده‌وڵه‌تی له‌ بایه‌خی پشتیوانیكردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و پرۆسه‌ دیموكراسییه‌كان له‌ عێراق كه‌م ده‌كاته‌وه‌.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، فشارێكی ناوخۆیی بۆ كۆتاییهێنان به‌ ئه‌ركی یۆنامی له‌ عێراق هه‌یه‌.

ڕۆژی 10ـی ئایاری 2024، عه‌باس كازم عوبه‌ید، هه‌ڵسوڕێنه‌ری كاروباری عێراق له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به‌ناوی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كرد، له‌ به‌شێكیدا هاتبوو: "شانازی زیاترم هەیە کە داوا بکەم ئەم نامەی ئێستا و هاوپێچەکەی لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایش هاوبەش بکرێت و وەک بەڵگەنامەیەکی له‌ ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ بڵاوبکرێتەوە، كه‌ له‌ نامه‌ هاوپێچه‌كه‌دا هاتووه‌، داوا له‌ یونامی ده‌كرێت، له‌ به‌رواری 31ـی كانوونی یه‌كه‌می 2025 كۆتایی به‌ ئه‌ركه‌كانتان له‌ عێراق بهێنن و ته‌واوی دۆسییه‌كان ڕاده‌ستی داموده‌زگاكانی حكوومه‌تی عێراق بكرێته‌وه‌."

له‌ نامه‌كه‌دا هه‌روه‌ها هاتووه‌، حكوومه‌تی عێراق هه‌موو هاوكارییه‌ك له‌ پێناو به‌دیهاتنی ئه‌و ئامانجه‌ پێشكه‌شی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق ده‌كات.

رۆژی 6ی شوباتی 2024، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، جێنین پلاسخارت، نێردەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی)، گوتارێکی تایبەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق پێشکێش کرد و ڕایگەیاند، لە کۆتایی مانگی ئاداری 2024 بەشێوەیەکی فەرمی پۆستەکەم جێ دەهێڵم.