باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق: پێویستە حەشدی شەعبی لەژێر فەرمانی حكوومەتی عێراقیدا بێت

ستیوارت جۆنز: ھاوكارییەكانمان بۆ ھێزەكانی پێشمەرگە بەردەوام دەبن

ستیوارت جۆنز، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق رایگەیاند، پەیوەست بە عێراق، گۆڕانكاریێكی ئەوتۆ بەسەر سیاسەتی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا نەھاتووە و ئاماژەی بەوەدا، وڵاتەكەی پشتیووانیی بەرنامە چاكسازییەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی دەكات.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لە بارەگای باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە ناوچەی سەوزی بەغدا، ستیوارت جۆنز جەختی كردەوە كە " واشنتۆن لە ھاوكاری كردنی ھێزە عێراقییەكان لە شەڕی دژی داعش بەردەوام دەبێت" و خۆشحاڵی خۆیشی نیشاندا بەوەی لایەنە سیاسییەكان بتوانن ناكۆكییە سیاسییەكانیان چارەسەر بكەن. ھەروەك داوای كرد حەشدی شەعبی لەژێر فەرمانی حكوومەتی عێراقیدا كار بكات.

سەبارەت بە لێپرسینەوەی خالید ئەلعوبەیدی، وەزیری بەرگریی عێراق لە پەرلەمان و داوای ژمارەیەك پەرلەمانتار بۆ سەندنەوەی متمانە لە وەزیری ناوبراو، جۆنز گوتی " بۆ ئێمە نییە كۆمێنت لەسەر كێشەی وەزیری بەرگری بدەین، چونكە ئەوە شتێكی ناوخۆیی عێراقە، بەڵام من و تەواوی بەرپرسانی ئەمریكا خۆشحاڵ دەبین، كە ھەرچی زووە كۆتایی بەو دۆسیەیە بھێنرێت ".

لە بارەی پەیوەندییەكانی ئەمریكا و ھەرێمی كوردستانیش، جۆنز رایگەیاند " واشنتۆن بە بڕی 415 ملیۆن دۆلار ھاوكاری ھێزەكانی پێشمەرگەی كردووە" . جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەو ھاوكارییە داراییە لە پێدانی مووچەی پێشمەرگە و دابینكردنی سووتەمەنی و خۆراك خەرج كراوە. ھاوكات سووربوونی وڵاتەكەیشی لەسەر پشتیووانیكردنی ھێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش دووپات كردەوە و ستایشی ھاوكاری و ھەماھەنگیی نێوان ھێزەكانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەكانی كرد لە شەڕی تیرۆر و ئازادكردنی ناوچەكان لە دەستی داعش.