هونەرمەندێکی کورد ئاواز بۆ فێستڤاڵی ئەیمی جۆنسن لە بەریتانیا دادەنێت

K24 – ھەولێر

ھەر یەك لە هونەرمەند نەهرۆ زاگرۆس  و دەیڤد گۆپۆڕپ هەڵبژێردراون بۆ دانانی چەند ئاوازێک لە فێستیڤاڵی ئەیمی جۆنسن  لە شاری هاڵ لە باکووری رۆژهەڵاتی بەریتانیا.

ئەم پڕۆژە میوزیکییە لەژێر ناوی (پەڕینەوەی سنوورەکان)ە کە تێیدا گفتوگۆیەکی میوزیک ئامێز نمایش دەکرێت لە نێوان دوو کولتووری جیاوازدا، لە ئاوازەکاندا دوو پەیامی سەرەکی هەیە.

 یەکەم، بابەتی سەرەکی و هەوێنی ئاوازەکان و نمایشە میوزیکییەکان هەڵقوڵاوی فۆلکلۆر و نەریتی ئەو نەتەوە و وڵاتانەیە کە ئەیمی جۆنسن وەکو یەکەمین فڕۆکەوانی ئافرەت لە سەرەتای ساڵانی 1930 سەدەی رابردوودا بە تەنیا بە ئاسمانی جیهاندا سوڕاوەتەوە.

 دووەم، بەستنەوەی هونەر و مێژوو و شوێنەواری کوردستان و شاری هاڵە.

 لە کاتی نمایشەکەدا، وێڕای چەندین ئاوازی مۆدێرن کە لە لایەن نەهرۆ زاگرۆس  و دەیڤد گۆپۆڕپ داندراون، چەند وێنە و ڤیدیۆی شوێنەواوە مێژووییەکان و ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان و پاشماوەکانی شەڕی داعش لە شنگال و کەمپی ئاوارەکان، لە لایەن هونەرمەند جەی مۆی پیشان دەدرێن.

ئەم فێستیڤاڵە ساڵانە لە شاری هاڵ لە ناوچەی یۆرکشەر لە بەریتانیا ئەنجام دەدرێت، کە تەرخانکراوە بۆ بوێری و ژیان و ژیاری یەکەمین ئافرەتی فڕۆکەوان، کە زۆبەی كات بە تەنیا و هەندێک جاریش لەگەڵ ھاوسەرەكەی بە  تەواوی ئاسمانی جیهاندا سوڕاوەتەوە.

 بانگهێشتکردنی هونەرمەندێکی کورد بۆ دانانی بەشێکی ئاوازەکانی فیستڤاڵەکە دوای پشبڕکێیەکی هونەری و میوزیکیی بوو کە تێیدا هەریەک لە نەهرۆ زاگرۆس و دیڤد گۆپۆڕپ وەکو سەرەکیترین موزیسیان بۆ فێستیڤاڵی 2016 دەستنیشانکران، هەروەها ئەمە بۆ یەکەمین جارە فیستیڤاڵەکە پڕۆژەیەک دادەهێنێت بۆ بەستنەوەی کوردستان و شاری هاڵ بە یەکەوە لە رووی مێژوویی و کولتوور و شوێنەوارەوە.

هونەرمەندێکی کورد ئاواز بۆ فێستڤاڵی ئەیمی جۆنسن لە بەریتانیا دادەنێت