توێژینەوەیەک: خەوتن پەیوەندیی نییە بە پاکردنەوەی مێشک لە ژەهر

K24 - هەولێر
زاناکان پێیان وابووە مێشک لەکاتی خەوتندا ژەهر و تەنۆلکە زیانبەخشەکان دەردەکات، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێی دیکە دەڵێت، "ڕەنگە پێچەوانەکەی ڕاست بێت".
توێژینەوەی زاناکان ڕاشیانگەیاندووە، ڕەنگە خەو چالاکیی و سوودی زیاتری هەبێت بۆ "پاککردنەوەی" مێشک.
تیمێکی پەیمانگای توێژینەوەی نەخۆشی بیرچوونەوە لە کۆلێژی ئیمپریال لەندەن بۆیاخێکی "fluorescent" بەکارهێنا، واتە بۆیاخی تیشکدار، بۆ لێکۆڵینەوە لە مێشکی مشکەکان، بەدواداچوونیان بۆ بۆیاخەکە کردووە کە چەندە خێرا لە ناوچەیەکی مێشکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە دەجووڵێت، پێش ئەوەی نەمێنێت لەناو مێشکی مشکەکاندا.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە جوڵەی بۆیاخەکان لە کاتی خەوتنی مشکەکان، بە ڕێژەی نزیکەی 30% بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بە بەراورد بەو مشکانەی کە بە ئاگا بوون، بەڕێژەی 50% بۆیاخە لە مێشکیاندا ماوەتەوە.
نووسەری توێژینەوەکە نیک فرانکس، مامۆستای بایۆفیزیا و سرکردن لە کۆلێژی ئیمپریال لەندەن، دەڵێت: "توێژینەوەکەمان سەرنجی زۆری لەسەر پاککردنەوەی ژەهر بووە، لە کاتی خەودا، بەڵام زۆر تووشی سەرسوڕمان بووین، کاتێک بینیمان ئەنجامەکان پێچەوانە دەرچوون".
ئاماژەیان بەوەشکرد، قەبارەی تەنۆلکە ژەهراویەکان ڕەنگە کاریگەریان هەبێت، لەسەر ئەوەی کە هەندێک لە ژەهرەکان چەندە خێرا لە مێشک دەجوڵێن، بەو پێیەی هەندێک ئاوێتە لە ڕێگەی سیستەمی جیاوازەوە لەناودەبرێن.
فرانکس ئەوەشی خستە ڕوو، تا ئێستە نازانین ئەو حاڵەتانە چین کە بەشێک لە دەماغ دەیسڕێتەوە و خاوی دەکات. گوتیشی، "لە داهاتوو توێژینەوەکەنمان لەسەر ئەم حاڵەتە دەبێت بۆ ئەوەی تێبگەین بۆچی ئەمە ڕوودەدات".
پرۆفیسۆر بیل ویسدن، یەکێکە لە پێشەنگەکانی توێژینەوەکە دەڵێت: "تیۆری زۆر هەیە لەسەر ئەوەی بۆچی دەخەوین، هەرچەندە نیشانمان داوە کە ڕەنگە هۆکارێکی سەرەکی خەو دەردانی ژەهر نەبێت، بەڵام گرنگی خەوتن ناتوانرێت جێی مشتومڕ بێت، نیشانەیەکی باوە کە مرۆڤەکان لە ژەهراوی بوون دەپارێزێت کە بەدەستیەوە دەناڵێنن".
ڕاشیگەیاند، لایەنێکی دیکەی توێژینەوەکەمان ئەوەیە، نیشانمانداوە پاککردنەوەی مێشک لە کاتی بەئاگابوون کارایە و ئاستێکی بەرزی هەیە، بەگشتی بەئاگابوون و چالاکبوون و وەرزشکردن ڕەنگە ببێتە هۆی پاککردنەوەی مێشک لە ژەهرەکان بە شێوەیەکی کاراتر.
هەروەها توێژینەوەکانی پێشوو ئاماژەیان بەوەشکردووە کە خەوتن گرنگە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی بیرچوونەوە، بەو پێیەی پرۆتینی ژەهراوی لە مێشک لادەبرێت.