دیندار زێباری لەگەڵ ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبۆوە

دیندار زێباری، ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵد. زیدان خەلەف، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێڕاق
دیندار زێباری، ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵد. زیدان خەلەف، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێڕاق

K24 - هەولێر

ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایش یان تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی ئایاری 2024، لەمیانەی کۆبوونەوەیەکی نێوان د.دیندار زێباری، ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێم نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یونیتاد و د. زیدان خەلەف ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق -  سەرۆکی لیژنەی نیشتمانی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لەو تاوانانەی داعش ئەنجامیداون (یونیتاد)، گفتوگۆ دەربارەی دوایین پێشهاتەکانی لە مەلەفی دادگایی کردنی تیرۆریستان داعش کرا.

لە میانی کۆبوونەوەکەدا نوێنەری حکوومەتی هەرێم بۆ هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 2697ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند تیمێکی تەکنیکی پێکهێناوە لە دام و دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێم بۆ هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد لە پرۆسەی ڕادەستکردنەوەی ئەو بەڵگەنامانەی لەلایەن يونيتاد کۆکراونەتەوە،  ئەو تاوانانەی کە داعش ئەنجامیداون راستەوخۆی پەیوەندییان بە خەڵکی کوردستانەوە هەیە و تا ئێستا ژمارەیەکی زۆری قوربانیانی داعش و کەسوکاریان لە هەرێمی کوردستان ئاوارەن.

هەروەها لە بارەی گرنگی ڕادەستکردنەوەی بەڵگەنامەکان بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "بەپێی ئەم میکانیزمە نووسینگەکانی یونیتاد لە هەولێر و دهۆک ئەو بەڵگانەی لە لێکۆڵینەوە تایبەتەکانیاندا دەستیان کەوتووە دەبێت ڕادەستی دام و دەزگاکانی هەرێم بکرێن، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە پرۆسەی دادگایی کردنی تیرۆریستانی داعش لەسەر تاوانەکانیان و دانانی چوارچێوەیەکی یاسایی گونجاو سوودیان لێ وەربگیرێت وەک بەڵگەنامەی پەیوەندیدار بەتایبەتی لە پڕۆسەی دادگایی کردنی تیرۆریستانی داعش".

لەلایەن خۆیەوە د. زێدان خەلەف سەرۆکی لیژنەی نیشتمانی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد ڕایگەیاند، لە ماوەی ڕابردوو هەماهەنگیمان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی بەرزدا بووە و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت، "ئێمە ڕاستەوخۆ بە یونیتادمان ڕاگەیاندووە کە پێویستە هەماهەنگی لەگەڵ نوسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بکرێت لە ڕادەستکردنی بەڵگەنامەکان و هەنگاوەکانی داخستنی نووسینگەکانی یونیتاد لە هەولێر و دهۆک، لە ئیستادا حکوومەتی هەرێم تیمی تەکنیکی پێکهێناوە و لە ماوەی داهاتوودا ئەم تیمانە مەشق و ڕاهێنانیان پێدەکرێت، لەلایەن پسپۆڕانی یونیتادەوە هاوشێوەی تیمەکانی بەغدا لەسەر چۆنیەتی ئەرشیف کردن و هەڵگرتنی بەڵگەنامەکان.

Fly Erbil Advertisment