مێژووی په‌یدابوونی ئیمۆجییەکان ئاشكرا ده‌كرێت
K24- هەولێر:
ئیمۆجییەکان بەشێکی سەرەکی لە پەیامەکانی ڕۆژانەی مرۆڤه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه لە ڕێگەی مۆبایلە زیرەکەکانەوە پێک دەهێنن، توێژینه‌وه‌یه‌كیش بۆ مێژووی په‌یدابوونی ئه‌و ئیمۆجییه‌كان بۆ نزیكه‌ی 40 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
مات سیفتۆن، گەشەپێدەر و بلۆگەری یارییەکان، دوای قووڵبوونەوە لە مێژووی ئیمۆجیدا سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕاكێشاوه، ئامێری PA-8500 ـی ژاپۆنی، ژمارەیەک هێما و ئیمۆجی لە خۆ گرتووە کە كۆی گشتیان ده‌گاته 102 دانه.
سیفتۆن باسی له‌وه كردووه، ئه‌و ئامێره ژاپۆنییه ساڵی 1988 به‌رده‌ست بووه و كاری پێ كراوه و له‌ناو ئه‌و ئامێره‌دا به‌رنامه‌یه‌كی وێنه‌كێشان هه‌بووه و ئیمۆجییه‌كانی تێدا بووه.
سیفتۆن هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی، ئەم جۆرە ئامێرانە هی سه‌رده‌می پێش ئینتەرنێتن، بۆیە لە ماڵپەڕەکاندا زۆر شت لەسەریان نییە.
سیفتۆن ڕوونی كردووه‌ته‌وه، سه‌ره‌تا پێی وابووه ئیمۆجییه‌كان ئه‌وانه بن كه له ساڵی 1997 لە سۆفتبانک دروستکراون، بەڵام دواتر ئیمۆجیەکانی لەسەر Sharp PI-4000 دۆزیەوە کە لە ساڵی 1994 بڵاو کراونه‌ته‌وه، پاشان بۆی دەرکەوت ئامێری NEC PI-ET1 كه لە ساڵی 1990ـدا به‌رهه‌م هاتووه، ئیمۆجی ورووژێنه‌ری لە خۆ گرتووه.
ناوبراو تیشكی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی ئامێری PA-8500 له ساڵی 1988ـدا بڵاو كراوه‌ته‌وه، ده‌ركه‌وتووه كه ده‌یان ئیمۆجی هاوشێوه‌ی ئه‌وانه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی تێدا بووه.
سیفتۆن سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پێی وایه مێژووی ئیمۆجیه‌كان بۆ ساڵی 1988 ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش به ڕه‌هایی وه‌رناگرێت و ده‌ڵێت، ڕه‌نگه لێكۆڵینه‌وه‌ی دیكه بكرێت و مێژووه‌كه بۆ دوورتر بگه‌ڕێنێته‌وه.