ئەمەریکا پێنج کەسایەتی و دامەزراوەی ڕووسیای سزادا

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، لەبەرامبەر ئاسانکاریکردن و گواستنەوەی چەک و هاوکاریی سەربازیی لە کۆریای باکوورەوە بۆ رووسیا، دوو کەسایەتی و سێ دامەزراوەی ڕووسیایان سزاداوە.

ئاماژەی بەوەشدا، کۆریای باکوور مووشەکی بالیستی رەوانەی رووسیا کردووە، ئەمەریکاش پابەندە بە رێگریکردن لە فراوانبوونی هەماهەنگی سەربازیی نێوان مۆسکۆ و پیۆنگیانگ.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا دووپاتیشی دەکاتەوە، هەموو رێکارێک دژی هەر کەس و لایەنێک دەگرنەبەر، هەوڵی ئاسانکاریی و ناردنی چەک بدات بۆ رووسیا و لە دژی ئۆکرانیا بەکاربهێنرێت.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وەك وەڵامێك بۆ بڕیاری لکاندنی چوار هەرێمی ئۆکرانیا بۆ سەر ڕووسیا، سزای نوێ بەسەر بەرپرسانی رووسیادا دەسەپێنێت.

پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند، سزایان بەسەر  278 کەسایەتی ڕووسیا دا سەپاند.

ئاماژە بەوەشدرا، سزاکان ئەندامانی خێزانی سەرۆکی حکوومەت و وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش دەگرێتەوە.

سزاکانی سەر رووسیا، کاریگەرییان لەسەر پارێزگاری بانکی ناوەندی رووسیا و جێگرەکەی و کەسوکاری ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی رووسیا هەبووە، لەلایەکی دیکەوە کۆشکی سپی جەختی لەوەکردەوە، "واشنتن رووسیا ناچار دەکات باجی قورسی کردەوەکانی بدات".