کەشتییەک لە گەرووی هورمز کرایە ئامانج

دەستەی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، راپۆرتێکیان پێگەیشتووە کەشتییەکی بازرگانی لە گەرووی هورمز بە مووشەک کراوەتە ئامانج.

یەکشەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی بەریتانیا لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، کاپتنی کەشتییەکی بازرگانی لە رێگەی ئامێری پەیوەندیی بێتەلی فرێکوێنسی بەرزەوە داوای فریاکەوتنی کردووە و رایگەیاندووە، کەشتییەکە بە مووشەکێکی سەرچاوی نادیار کراوەتە ئامانج.

دەستەی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی بەریتانیا، داوای لەو کەشتیانە کردووە کە بەو ناوچەیەدا تێپەڕدەبن، لە کاتی پەڕینەوەدا بە تەواوەتی وریای جموجۆڵەکانیان بن و هەر چالاکییەکی گوماناویان بینی بە زووترین کات رابگەیەنن.
هاوکات دەستەکە رایگەیاندووە،، تا ئێستا هیچ لایەنێک بە فەرمی بەرپرسیاریەتی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە و راینەگەیاندووە.

ئەم رووداوە لە کاتێکدایە دانوستانەکان لە دەوحە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان بەردەوامن. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیکردەوە، گفتوگۆکان لەگەڵ قەتەرییەکان بەردەوامن و پێشکەوتنیان بەخۆیانەوە بینیوە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ئەنجامێکی کۆتایی.

عێراقچی گوتیشی، ئەنجامی ئەو راوێژکارییانەی بەڕێوەدەچن، بەندە بە وەڵامی لایەنەکەی دیکە بۆ ئەو پرسیارانەی ئابووریی وڵاتەکە خستوونیەتەڕوو. ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، گفتوگۆکانی ئێستا لەسەر پێشنیاری حەوت رۆژەیە، پلانێکی دیپلۆماسییە تاران لە ئەیلوولی 2026 پێشکەشی ئەمریکای کردووە بۆ راگرتنی جەنگ، کردنەوەی گەرووی هورمز، دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان و ئازادکردنی پارە بەستەڵەککراوەکانی ئێران.

گەرووی هورمز بووەتە تەوەرێکی سەرەکیی ململانێی نێوان واشنتن و تاران، دوای ئەوەی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لەو رێڕەوە ستراتیژییەدا بە شێوەیەکی راستەوخۆ بە رێڕەوی جەنگ و دانوستانەکانەوە بەستراوەتەوە.

واشنتن پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە نابێت ئێران کۆنترۆڵی ئەو رێڕەوە دەریاییانە بکات کە دەگەنە گەرووی هورمز، لەوانەش ئەو رێڕەوانەی بە ناو خاکی عوماندا تێپەڕدەبن، یان باج بەسەر ئەو کەشتییانەدا بسەپێنێت کە بەکاریان دەهێنن. لە بەرامبەردا، ئێران داوا لە کەشتییەکان دەکات مۆڵەت وەربگرن و بەو رێڕەوە دەریاییەدا تێپەڕن کە خۆی پەسەندی دەکات.