سووریا دوو چەکداری داعشی دەستگیر کرد

دەزگا ئەمنییەکانی سووریا رایانگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریدا لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە دوو چەکداری سەر بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعشیان دەستگیر کردووە؛ دەستگیرکراوەکان تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک کردەی تیرۆرکردن، لە سەرووی هەموویانەوە کوشتنی بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری لە شاری مەیادین.

یەکشەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2026، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایان کرد، پاش چاودێرییەکی چڕی هەواڵگری توانیویانە لە پارێزگای دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سووریا دوو ئەندامی داعش دەستگیر بکەن.

بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەو دوو کەسە تۆمەتبارن بەوەی دەستیان لە چەندین ئۆپەراسیۆنی تیرۆرکردندا هەبووە، کە نوێترینیان تیرۆرکردنی ئیبراهیم جاسم ئەندامی وەزارەتی بەرگریی سووریا بووە لە شاری مەیادین.

دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لە دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024 و رووخانی بەشار ئەسەد، بەردەوام هەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەندامانی داعش و شانە سەرپێچیکارەکان رادەگەیەنن. سەرەڕای ئەوەی رێکخراوەکە لە ساڵی 2019دا لە رووی جوگرافییەوە لە سووریا شکستی هێنا، بەڵام پاشماوە و چەکدارەکانی هێشتا جاروبار پەلاماری هێزە ئەمنییەکان و بەرپرسانی وڵاتەکە دەدەن.

پێشتریش لە مانگی تەمووزی رابردوودا، حکوومەتی سووریا رێکخراوی داعشی بە ئەنجامدانی تەقینەوەیەک لە دیمەشق لە کاتی سەردانەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ ئەو شارە تۆمەتبار کرد و رایگەیاندبوو کە ئەو شانەیەی لە پشت هێرشەکە بووە هەڵیانوەشاندووەتەوە.

بەپێی راپۆرتێکی فەرمی کە لە مانگی تەمووزدا پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا، هێشتا نزیکەی سێ هەزار چەکداری داعش لە ناوچە جیاوازەکانی سووریادا ماونەتەوە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە دەزگا ئەمنییەکان چەندین هەوڵی تیرۆرکردنی بەرپرسانی باڵای سووریایان پووچەڵ کردووەتەوە، لە نێویاندا هەوڵی پەلاماردانی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا.